Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - North 03

July 25, 2020

“لە زانکۆ بەشی شێوەکاریم تەواو کردووە، بۆ ماوەیەک لە شاری ئەستەنبوڵ ژیام، ئەو ماوەیە لەوێ پرۆژەیەکمان هەبوو تایبەت بە وێنەکێشان لەسەر دیوارەکانی شارەکە، خەونم بوو هەمان پڕۆژە بۆ دیوارەکانی شاری ئامەدیش بکەم، کاتێک گەڕامەوە ئامەد، لە خۆمم پرسی: بۆچی دەستنەکەمە وێنەکێشان لەسەر دیوارەکانی شار؟ دوای ئەوەی ڕێگەپێدانمان بۆ پرۆژەکە وەرگرت، ڕاستەوخۆ دەستمان بەکارکردن کرد. بەهۆی ئەوەی ناوچەی سور لە ئامەد ئازاری زۆری دیبوو و منداڵانی ناوچەکەش زۆر دڵگران بوون، بۆیە بڕیارمدا من لە سور کاربکەم. ویستم ببینم کە منداڵان و خەڵکی ناوچەکە دیوارە ڕەنگاوڕەنگەکان دەبینن چەند دڵیان خۆشدەبێت. پەروەردەی هونەر بۆ منداڵ لە تورکیا زۆر بەربڵاو نیە، بۆیە لێرەش چەندەها منداڵ هەن تاکو ئێستا وانەی وێنەکێشانیان نەخوێندووە. هەربۆیە بڕیارماندا ئێرە باشترین جێگەیە. دەمەوێت هەموو دیوارە وێرانکراوەکانی ئێرە بکەم بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگی ژنان و ڕووداوە مێژووییەکان.”