Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 13, 2022

"لە منداڵییەوە هۆگری هونەر بووم و لە قۆتابخانەی سەرەتایی کاری پێشکەشکاری و شانۆم دەکرد. خاوەنی بڕوانامەی مەسترم لە جۆگرافیام و کاتێ کە بە بۆنەی سەربازی لە سنە بووم لە بنکەی سینەما ڵاوانی شاری سنە سینەمام خوێند. له ناو کۆمەڵگا و بنەماڵەیەکدا گەورە بووم کە ئەگەری دەرهێنەربوونی من یەک لە سەدا بوو، من بۆ ئەو یەک لە سەدا خەباتێکی زۆرم کرد. حەزێکی زۆرم بە سینەمای دێکۆمنتاری هەیە و تا بە ئێستا چوار فیلمی بەڵگەییم بەرهەمهێناوە. ئەگەرچی لە نێو سرۆشتە جوانەکەی هەورامان گەورە بووم بەڵام خۆشەویستیم بە ئەم سرۆشتە بێگەردە وای لێنەکەردم تەنیا دڵرفێنی ئەم سرۆشتە ببینم و ئێش و ئازارەکانی کۆمەڵگا لە بیر بکەم، بۆیە لە دیاردەی کۆڵبەری، کۆچبەری ڵاوان بۆ هەندران و سەختییەکان ژیان لە سەر سنوور ڕەنگدانەوەی لە ناو فیلمەکانی من بووە. هەروەها تا ئێستا پەنجا گۆندی ناوچەی هەورامان و مەریوانم بە کاری فۆتۆگرافی دێکۆمنت کردووە". ...

March 9, 2022

"لە قامیشلۆ لە خێزانێکی هونەردۆست گەورەبووم کە شارەزای ئامێرە مۆسیقییەکان بوون. کە منداڵ بووم باوکم سازێکی بچووکی بۆ کڕیم و لە خێزانەکەمەوە فێری ژەنین بووم و تا ئێستاش سازەکەم ماوە. ئێستا دەتوانم هەموو ئامێرە ژێدارەکان بژەنم، بەڵام کلارنێت ئامێری دڵخوازی منە. سەرەتا لە یوتوبەوە سەیری باندە مۆسیقییەکانم دەکرد و کەسێکی تیابوو کلارنێتی دەژەنی، وایلێکردم بیکڕم و خۆم فێری کلارنێت بکەم. ئێستاش ئەندامم لە گرووپی بوتان و ستۆدیۆی ویلایەت بۆ هونەر. بەشداری چەندین گۆرانی و بۆنە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی وەک نەورۆزم کردووە. دواتر خۆم گۆرانییەکم تۆمارکرد و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.. هونەر خۆراکی رۆحە، شتێکە ناتوانم لێی دوور بکەومەوە". ...

March 6, 2022

"ئێمە کۆمەڵێک گەنج بووین خەونی ئەوەمان هەبوو هۆڵێکی سینەمامان هەبێت لە چەمچەماڵ. بەڵام لە نەبوونی ئەوە، خۆمان بە دروشمی) بەکلتوورکردنی سینەما( لە کافتریا و چایخانەکان بەخۆڕایی فیلمـمان پێشکەش دەکرد. هەمیشە زۆر بێتاقەت دەبووین لەوەی ژمارەی بینەرەکان یەکجار کەم بوون. بەڵام دواتر لەوە تێگەیشتین کە ئاشناکردنی "سینەما" بە کۆمەڵگای شارەکە، جگە لەوەی کارێکی دژوارە! بگرە زۆر گەورەیە. تەنانەت لە نێوان خۆماندا هاوشێوەی شۆڕشێکی درێژخایەن وەسفمان دەکرد. بۆیە گەیشتینە ئەو بڕوایەی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە پێویستی بە هەوڵ و ماندووبونێکی یەکجار زۆرە! بۆیە ئەگەر بمانەوێ دووبارە هەوڵێکی لەو شێوەیە بدەینەوە، دەبێ باشتر خۆمان پەروەردە بکەین بۆ ئەوەی بە فۆڕمێکی جیاوازتر بتوانین پەیامی خۆمان بگەیەنین و خزمەتێکی بچووک بەو شارەی خۆمان بکەین. پێموایە تەنیا هونەرە دەتوانێت کۆمەڵگایەکی هۆشیار دروست بکات. بۆیە ئێمەی گەنج بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆش نەبێت، سبەی و چەند ساڵێکی تریش بێت، دەتوانن کەهەوڵی زۆر باشتر و جدیتر بدەین". ...

March 2, 2022

“Karê me gunda ajaldarî ye. Li gundê me biçuk û mezin nêzî 20 hezar ajal heye. Her roj diçe xwedî kirina pez zor û zehmet dibe. Dema zivistanê berf zede tê rêya gund tê girtin û em nikarin ji gund derkevin. Bi mehan rê girtî dimîne. Ji bo me pirsgirêka herî mezin av e. Li gund ava vexwrinê tune ye. Em avê ji bîra derdixin. Zivistanê av cemed digre û em nikarin wê avê jî derxin. Ji bo xwe em karin avê ji berfê derxin lê ajalên me ji tîna dimrin. Heta aniha 4 ajalên mi jî, tîna mirin. Her roj qerîna wane. Mirov çawa bê av naqedîne ajal jî wiha ne. Ku av tune be wê hemu bimrin. Bi salane ev pirsgirêka avê heye. Heta havînê av tevahî zûwa dibe. Ji ber wê dema biharî em pezê xwe divin bajarên herema Serhedê. Heta payizê em li zozanên Serhedê dimînin. Piştre vedigerin gund. Êdi karê gundan û ajaldarî gelekî zor û zehmet buye. Ji ber vanm zehmetîyan gelek welatî ji gund koçî bajaran dikin. Em neçar mane”. ...

February 27, 2022

"دوای ئەوەی گوندەکەمان لە ئێران سەبتی ملی کرا و ناوی لە نێو گوندە مێژوییەکان کە بۆ توریسم زۆر گرینگە ناوی داخست. بینیم کە خەڵکی گوند زۆر لە ئەو بوارەدا ئاگاهن و خەریکی کارکردنن لە ئەم بوارەدا، منیش کە زۆر پێویستم بە کارێک بوو کە بتوانم موستەقێل بم و لە بواری ماددیدا کەڵکی لێ وەرگرم .بۆ یەکەمجار وەکو ژنێک ماڵی بابم کە نزیک بە ١٠ ساڵ خاڵی بوو و خەریک بوو ببێت بە وێرانە، دەستمکردەوە بە سازاندن و رازاندنەوەی و کردم بە ماڵێک بۆ گەشتیاران. لە ئێران پێ ئەڵێن (بۆم گەردی) شوێنێک کە گەشتیار هەست بکات لە ماڵی خۆی دایە و هەر وەکو پێش بە کەلوپەلی قەدیمی رازاندوومەتەوە .هەر لە ئەم یەک ساڵەی کە ماڵەکەمم ساز کردووە توانیم لە میراسی سنە ببم بە خاوەنی پلەی یەکەم لە بومی گەردی .ئەمە لام زۆر خۆشە چۆن من یەکەم خاتوونێکم کە لە گوندەکەمان کاری وام کردووە .ئێسە نە تەنیا من تەواوی بنەماڵەمان بەیەکەوە کار دەکەین". ...

February 23, 2022

"مرۆڤ یانی هەڵوێست. ئەو ڕستەیە بۆتە یاسا لە ژیانی مندا. ئەو قەناعەتە پۆڵایینەم لەو کاتەوە بۆ دروست بوو کە پێویستم بە هاوکاری و هەڵوێست بوو لە کەسانی دەوروبەرم، بەداخەوە کەسێک نەبوو دەستم بگرێ. من کەسێکی خوا پێدەبووم. قەدەری خوا وایکرد تەواوی ژیانم پێچەوانەوە ببێتەوە. خاوەنی خانوو و ئۆتۆبێلی گەورە و بچووک بووم. هەموویم لەدەستدا. بەس بۆ ئەوەی شەرمەزاری خوا و خەڵک نەبم، ئەوەی هەمبوو فرۆشتم. ویستم هەروەک چۆن پێشوو سەربەرزانە ژیابووم هەروا بمێنمەوە، شوکور بۆ خوا هەرواشم کرد. قورسی ژیان نەیتوانی ڕامبگرێت، بەو تەمەنەوە بڕیارمدا دووبارە لە سفرەوە دەست پێ بکەمەوە. ئێستا چایخانەیەکی بچووکم داناوە، زۆر لەوە باشتره دەست بۆ خەڵک پان بکەمەوە. من نەمهێشت شەرمەزاری خەڵک بم، چۆن دێڵم شەرمەزاری خێزانی خۆم بم؟! ئومێدم هەیە کە ژیانم ئاسایی دەبێتەوە، ئەوانەش لە بیر ناکەم، کە بە دەفتەر پارەم پێ دەدان بە قەرز، کەچی بە دینارێک یان وشەیەک هاوکارم نەبوون". ...

February 20, 2022

"ناوم ڕۆشنە و تەمەنم ١٩ ساڵە، خەڵکی شاری قامیشلۆم. لە بواری ڕاهێنانکردن بە منداڵ و پاڵپشتی دەروونی کاردەکەم لە ڕێکخراوێکی بایەخدەر بە مافی منداڵان و ژنان. کە دەستمکرد بەم کارە تەمەنم ١٢ ساڵ بوو. من و دایکم دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە بووین. پرۆژەیەکم ئەنجامدا بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵان لەلایەنی دەروونییەوە لە کاتی جەنگدا. چوار منداڵ چارەسەری ئۆتیزمیان وەرگرت و باشبوونەوە بەهۆی ئەو پرۆگرامەی کە من دامڕشتبوو. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین منداڵی دیکە شیفایان وەرگرت. لە ئێستادا کۆبوونەوە و کۆرسی هۆشیاری ژنان ئەنجام دەدەم. هەروەها کۆرس دەڵێمەوە لە کەمپی خێزانەکانی داعش کە تێیدا کاردەکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی بیری توندڕەوی لای ژنانی داعش لە ڕێگەی جەلسەی هۆشیارییەوە. شانازی بەخۆمەوە دەکەم کە کاری مرۆیی زۆرم ئەنجام داوە، بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی خۆیەتی من بچووکترین خۆبەخشم لە بواری مرۆیی لەسەر ئاستی ناوچەکە". ...

February 16, 2022

"ئیرادەت هەبێ هیچ شتێک نییە بەناوی مەحاڵ. من تەجرووبەی زۆر ڕێگام کرد بۆ لاواز بوونی جەستەم، سوودێکی ئەوتۆی نەبوو، بۆیە ناچار گەیشتمە بڕیارە ڕاستەکە و دەستمکرد بە وەرزشکردن. ڕۆژانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک نۆ کیلۆمەتر ڕادەکەم و هەندێک ڕاهێنانیش بۆ ئەندامەکانی لەشم دەکەم. توانیم بۆ ماوەی چەند مانگێک شازدە کیلۆگرام دابگرم. دابەزینی کێش تاکە سوود نەبوو لە وەرزشکردنەکەم. بەڵکوو بوومەتە خاوەنی لەشێکی یەکجار تەندروست، ئەوە جگە لەوەش ئێستا ئەوەی ترسە نەمماوە لەوەی نەوێرم خواردن بە دڵی خۆم بخۆم. کاتی وەرزشکردنەکەم خستۆتە پاش بانگی بەیانی. هەر بۆ ئەوەی ناچاربم شەو زوو بخەوم، تا تێرخەوم ببم. بۆیە ئەوە گەورەترین سوودبینینم بوو لەو پڕۆسەیە کە بەرنامەی خەوم تەواو ڕێکخستووە. هەموو مرۆڤێک زوو یان درەنگ دەگاتە ئەو قەناعەتە، کە ژیانی خۆش: یانی تەندروستیەکی باش. بۆیە بەهیوام هەموو لایەک لەهەوڵی ئەوە دابن تەندروستانە بژین". ...

February 13, 2022

“Ez Zanîngeha Erdexanê doktora dikim. Mijara teza doktora ya mi çanda eşîrên koçere. Ez li ser eşîrên koçer yên Elikan, Duderan û Soran dixebitim. Ev salekê ez bi wan re dijîm û bi wan re bajar bi bajar koç dikim. Din ava salekê de ez 3 caran çume mala xwe, weke din ez bi koçeran re li çîyayên cüda di konan da dijîm. Di serî de ji ber ez ji bajêr hatibum mi gelek zor û zehmetî dîtin. Lê aniha ew zor û zehmetî tune ye. Ew mi weke keça xwe dibinin û ez jî wan weke malbata xwe dibînim. Aniha em ê ji Şirnexê koçî Serhedê bikin. Ev rê wê 2 mehan dewam bike. Di pêvajoya ku ez bi wan re mam mi gelek pirsgirêkên wan jî dît. Yek jê kirêya zozanan ya di jî rêya koçê ye. Zozanên ku lê dimînin gundî gelek dirav dixwazin. Ji ber ku rêyek dîyarkirî ya koçê tune ye gelek zor û zehmetîyan dibinin. Ji bo ev pirsgirêkên wan çareser bibe mi raporek amade kir û ragihand rayedaran. Ji bo pirsgirêkên wan çareser bibe divê em xwedî li koçeran derbikevin”. ...

February 9, 2022

"تەمەنم سێ ساڵە! ڕەنگە سەیر بێت بۆتان بەڵام ئەوە ڕاستییە. چونکە ئەوە سێ ساڵە دەزانم ژیان چییە و وەکو کەسانی تر چێژ لە شتەکان دەبینم. چەندین ساڵ ترس و شەرمم لە کۆمەڵگا وای لێکردبووم بوێری ئەوەم نەبێ بچمە شوێنێک بە دڵی خۆم و بازاڕێک بکەم. هەرهیچ نەبێ وەکو خەڵک بچمە شوێنە گشتییەکان! کۆمەڵێک هاوڕێی دڵسۆز وایان لێکردم بەهێز و بوێر بم. دواتر بڕیارمدا کە زاڵبم بەسەر هەموو ئەو عەقڵییەتە پاشکەوتووەی خەڵکانی نەفام و توانجی دەوروبەر. لەکۆتاییدا گەیشتمە بڕیارە ڕاستەکە و ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەم تێکشکاند. بۆ کچێکی ٢٢ ساڵەی وەکو من ئێستاش درەنگ نییە کە بمەوێ بگەم بەخەونەکانم. دەمەوێ بە هەمووان بڵێم: من ئێستا کەسێکی ترم. پێشتر بە سازەکەم خەم و فشارە دەروونییەکانی خۆمم کەم دەکردەوە. بەڵام ئێستا بوێرانە لە بەرچاوی خەڵک عەزف بۆ هەمووان دەکەم". ...

February 6, 2022

"تەمەنم ١٢ ساڵە و لەخێزانێکی تێگەیشتوو گەورە بووم و هێشتا لەگەورەبووندام. حەزم لە نووسین و خوێندنەوەیە و زۆر دڵخۆشبووم کاتێک لەپێشانگەی ساڵانەی هەرکولی وەکو بەرپرسی بەشی کتێبی منداڵان بەشداربووم. بەهۆی خۆشەویستیم بۆ خوێندنەوە، لەم ماوەیەی رابردوو باوکم کتێبخانەیەکی بەناوی منەوە کردەوە کە تایبەتە بە کتێبی منداڵان و ئامانجەکەی ژیاندنەوەی کەلتووری خوێندنەوەیە لەناو منداڵاندا. زۆرینەی کتێبە کوردییەکان لە دهۆکەوە دەهێنین و هەندێکیش لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە. زۆرینەی کتێبەکانمان کوردییە تاوەکو منداڵانی کورد کەلتووری خۆیان بناسن.. پرۆژەکەمان نوێیە و پێشتر لەم ناوچەیە نەبووە، بەڵام دڵنیام بە ئامانجی خۆمان دەگەین و زیاتر پەرە بە کتێبخانەکە دەدەین تاوەکو خوێندنەوە دەبێتە کەلتوور لای منداڵان". ...

January 30, 2022

"ئەگەر رۆژی ڤالانتاین لە جیهاندا بۆ خەڵک رۆژی خۆشەویستی بێت، ئەوا بۆ من رۆژێکی شووم و نەگریسە لە ژیانمدا. چونکە لەو رۆژەدا دایکم بە رووداوێکی دڵتەزێن گیانی لەدەستدا. قێز لەو رۆژە دەکەمەوە و نامەوێت دووبارە ببێتەوە لە ساڵەکاندا. هەموو شتێکم لەبیرە. تەمەنم ١٥ ساڵ بوو کە بەرەبەیانییەک بەدەنگی هاوار و قریشکە بەخەبەر هاتین. دایکمان بە سوتاوی بینی هاواری دەکرد، بەپەلە بردمانە خەستەخانە و ١٠ رۆژ لەوێ مایەوە. بەڵام بەهۆی سوتانی زۆرینەی جەستەیەوە گیانی لەدەستدا.. ئەمە چیرۆکی ژینی منە کە هەرگیز بیرمناچێتەوە و کاڵ نابێتەوە". ...