April 20, 2020
“هەر لە سەرەتاییەوە حەزم بە کاری فۆتۆگرافی بوو، دوای ئەوەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانم تەواو کرد لە کۆتایی ساڵی 1989، دەستم بە کاری فۆتۆ کرد، بڕیاریشم دابوو کە هەر ئەو کارە بکەم. ساڵی 1993 بوو، چووم بۆ سەر شایی بۆ دێیەک لەو شارباژێڕە، کە چوومە دێیەکە لە بەردەم ماڵەکە بانگیان کردم وتیان، ‘کاک ئاوات، جارێ وەرە نانوچێشت حازرە، تۆ نانی خۆت بخۆ.’ لەسەر سینییەک خواردنێکی زۆریان بۆ هێنام، خۆشم زۆرم حەز لە خواردنە، کە تەواو بووم لە ماڵەکە هاتمە دەرەوە، بینیم لە سەربانێکی دوورودرێژ خەڵک سفرەیان ڕاخستبوو و دانیشتبوون بۆ نان خواردن، منیان بینی نەیانزانی نانم خواردووە، بانگیان کردم وتیان وەرە سەرەوە دانیشە لەگەڵمان، منیش بێدەنگ دانیشتم، لەوێش ئەونەی ترم خوارد، بەڵام کە هەستام بۆ ئیشکردن هەردوو چاوم زەق زەق ببوون.”
“کە شاییەکە دەستی پێکرد، منیش دەستم کرد بە فۆتۆگرتن، شتێکم بە لاوە سەیر بوو، زاوام ئەبینی قاچی قەوس بوو کاتێ لەگەڵ بوکەکەدا وەستابوون، بەڵام کە ئەچوون بۆ هەڵپەڕکێ هیچ عەیبی نەبوو، خۆم نەگرت پرسیارم لە یەکێکی گوندەکە کرد و پێم وت، ‘بۆ وایە؟’ وتی، ‘زاوا خۆی شوانە، دایمە بە سواری گوێدرێژەوەیە، قاچی دەقی بەستووە.”