30/04/2025
چیرۆکی کوردێکی باشوور کاتێک لە زیندانی دوبز بووین، ژنی دووگیانمان لەگەڵدا بوو، ھەر ژنێک منداڵی ببوایە، من مامانیم بۆ دەکرد، لە تافی لاوییەوە، کە تەمەنم ٢٠ ساڵان بوو، لە گوندەکەمان، فێری ناوکبڕین و مامانیی ژنان ببووم.ناوم (نێرگز عەزیز بابا عەزیز)ە، ناسراوم بە (نێرگزی مامان)، ساڵی (١٩٥٥) لەدایک بووم، خەڵکی گوندی (جەباری)ی سەر بە قەزای (چەمچەماڵ)م.درەنگانێکی شەو بوو، سەربازانی بەعس دایان بە سەر گوندەکەماندا و ھەموومانیان بە سەیارەی سەربازیی سەرداپۆشراو بەرەو (تۆپزاوا)ی کەرکووک ڕاپێچ کرد. سەرەتا هەموومانیان لە یەکتری جیا کردەوە، ژنەکانیان بۆ زیندانی دوبز برد، پیاوەکانیش بۆ نوگرەسەلمان.ئەو کاتانەی لە زیندان بووین، ھەموو ڕۆژێک بەرپرسی زیندانەکە دەهات بۆ لامان و پێی دەوتین: ئیتر کورد و کوردایەتی ناکەن، ھەتا دەمرن ئەمە شوێنتانە! لە زیندان و تا ئەو کاتەشی ئازادکراین نەمانزانی ئەوانی تر چییان لێ بەسەرهات، چونکە کاتێک لێکیان جیا کردینەوە، هەندێکیان بەھۆی بەرزیی پلەی گەرما و بێ ئاوییەوە مردن.لە زیندانەکەی دوبز، زیاتر لە ٦٠ منداڵ بە دەستی من لەدایک بوون. لەوێ گەرچی نەخۆشخانەیەک ھەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە کورد بووین، گەر نەخۆشیش بکەوتینایە بۆ نەخۆشخانەکەیان نەدەبردین.کاتێک سەدام لێخۆشبوونی گشتی دەرکرد و ئازادکراین، هیچمان پیاو و کوڕمان بۆ نەما بووەوە، تەنها لە ماڵی باوکمدا، زیاتر لە ٢٠ پیاو زیندەبەچاڵ کرابوون، خۆم شەش منداڵم ھەبوو. تەنانەت یەکێک لە منداڵەکانم لە نێو زینداندا و لە برساندا گیانی سپارد، خواردن لە زینداندا، تەنها یەک سەموونی ڕەق بوو، منداڵەکەم ھەتا مردیش، هەر هاواری نانی دەکرد.لە کۆتاییدا، پاش لێبووردنە گشتییەکە، شەوێکیان ئێمەیان خستە ناو (پێنج) سەیارەوە و دواتر لە عەربەت فڕێیان داین، لەو شەوە بە دواوە، تاوەکو دوو ساڵ بەر لە ئێستاش، لە پیشەی مامانی بەردەوام بووم، بەڵام دواتر حکومەت بە فەرمی پیشەی مامانیی قەدەغە کرد. ...