Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 48

May 11, 2020

“لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە چومەتە ژیانی هاوسەرێتییەوە، ئەو کات لە پێنجوێن بووین، بەردەوام بە دوای باوکمەوە بووم کە ئەو بە کاری فەلاحی و باخەوانییەوە سەرقاڵ بوو، منیش وام لێهاتبوو خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ ئیشەکە هەبوو لەگەڵ باوکمدا. هەموو جۆرە ئیشێکمان دەکرد لەو دەشتە هەر لە بژارکردن و ئاژەڵداری و داربڕینەوە و توتنکردن و کشتوکاڵی، هەمو جۆرە کارێکمان دەکرد. بەڵام مێردەکەم هیچ حەزی بەو کارە نەبوو، خۆی سەرقاڵ کردبوو بە کاسبییەوە، بۆ ماوایەکی زۆریش لە شاخ مایەوە بە هۆی پێشمەرگایەتییەوە. لە پێش ڕاپەڕینەکە کاتێک لادێکە داگیرکرا، ئێمە هاتینە شار و خانوویەکمان بە کرێ گرت، لەو کاتەوە خۆشەویستیم بۆ کشتوکاڵ و باخ هەر ماوە، ماڵەکەم ئەوەندە گەورە نییە تا بتوانم باخێکی گەورەی لێ دروست بکەمو، بەڵام تەنیا ئەم بەشە بچووکەی بەردەم ماڵەکەم کردووە بەم باخە بچووکە و زۆریش دڵم پێی خۆشە، هەموو ڕۆژێک خۆم سەرقاڵ دەکەم پێیانەوە.”