Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 79

June 25, 2020

“هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە لە خوێندن دابڕام، بە هۆی زروف و تەمەنەوە نەمتوانی بەردەوام بم. کاتێک بە لای خوێندنگەیەکدا تێپەر دەبم، بیری ژیانە ناخۆشەکەی منداڵیم دەکەم و هەست دەکەم شتێکم تیا بەجێ هێشتووە کە هەرگیز ناتوانم بە دەستی بهێنمەوە. لە ژیاندا هەندێک جار تووشی جۆرە دەردێک دەبیت هەرچی تروسکایی خۆشی هەیە لە دڵتدا نامێنێت، گەر دەستکەوتیشت زۆر بێت هێشتا دڵت پێیان خۆش نییە. هەندێک جار هەست دەکەم لە ناوەوە کەسێکی زۆر لەسەرخۆ و ئارامم، بەڵام بە ڕووکەش وا نیم، زۆر توڕەم… دەزانم کە ئەوە من نیم، بە هۆی ئەم ژیانە بووم بەو کەسە. ئاسودەیی من ئێستا منداڵەکانمن. هەموو ئەو شتانەی من لە منداڵیمدا بەجێم هێشت، ئەمەوێت بیبەخشم بە منداڵەکانم.”