August 24, 2020
“ناوم نێرگزە، منداڵیم لەژێر داڵدەی خێزانێکی بەسۆزدا بەسەربرد، لەناو خانوویەکی گڵدا، لە گەڕەکێکی شەعبی کوردیدا بەناوی ئەلهیلالییە. بەهۆی سیاسەتی حیزبی بەعس، لە هەموو مافێکی سەرەتایی خۆمان بێبەشبووین، تەنانەت لە هاونیشتمانی بوونیش. کاتێک کاتی چوونە قوتابخانەم هات، زمانی عەرەبی زمانی فەرمی خوێندن بوو، لەبەرئەوەی لە خێزانێکی کوردی بووم، هیچ شتێک تێنەدەگەیشتم، هەربۆیە یەکەم ڕستە کە بە زمانی عەرەبی نوسیم، نوسیم: انا أكره الحياة (من ڕقم لە ژیانە). ئەو قورسییانەی لە ژیاندا ڕووبەڕووی بووبومەوە، لە نوسیندا دەرمدەبڕی، بۆئەوەی گوزارشت لە خۆم و ژیانە قورسەکەم بکەم. لە قۆناغێدا، کاتێک چوومە وانەی کوردییەوە، کە ئەوسا بە دزییەوە فێریاندەکردین، لە یەکەم وانەدا یەکەم ڕستە نوسیم: ئەز ژی ژیانێ حەزدکم (من ژیانم خۆشدەوێت).”
“لە سەرەتای قۆناغی ئامادەییدا، دوای ئەوەی بە نهێنی فێری زمانی کوردی بووم، دەستمکرد بەوەی ئەو زمانە پیرۆزە فێری منداڵان بکەم. ئەو کاتانە دڵخۆشیم وەسف نەدەکرا. سەرەتای ساڵی ١٩٩٧، چوومە ناو جوڵانەوەی ئازادی کوردستان بۆ ئەوەی ببمە گەریلا و بەرگری لە شاخەکانی کوردستان بکەم. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠، یەکەم کتێبی شیعری خۆمم چاپکرد، بەناوی “Xelata xewna me”، و دووەم کتێبم لە ساڵی ٢٠٠٢، بە ناوی “Hesret” لە شاخی قەندیل و پاشان لە ساڵی ٢٠١٥ دوو کتێبی پەخشانم بە ناوەکانی “Mesin” و”Stêrvana” لە شاری قامیشلۆ بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ دوای ئەو هەمووەی چەشتم، لە پێشانگای شەهید هەرکول بە هەرسێ کتێبی “Rûpelên Jîyanê” و “Gulîyên Eşqê، و ڕۆمانی “Çirik” بەشداریم کردووە. کتێبی “Gulîyên Eşqê”، چەند چیرۆکێکی پەخشان ئامێزی چەند ژنێک لەخۆدەگرێت، کە لە ڕێگەی ئازادی کوردستاندا گیانیان بەخشیوە، چومەتە شوێنی شەهیدبوونیان و لەوێ نوسینەکانم نوسیوە.”