Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

May 9, 2023

“ Ez Ehmed Ibrahîm im 38 salî me, ji bajarê Serê Kanîyê me , lê ji ber êrîşa Tirkîyaya dagîrker a sala 2019an ez koçber bûm. Ez niha li Kampa Waşûkanîyê dijîm, ji piçûkanîya xwe ve di sazkirina motorsiklêtan de dixebitim. Karê min li kampê baş bû, lê berî çend mehan motorsiklêtek li kampê teqîya û ji ber wê, biryar hat dayîn ku êdî motorsiklêt nema derbasî kampê bibin. Ev biryar baş bû, ji ber ku rê li ber teqînên din girt, lê ji min re ne baş bû. Ez neçar mam û min karê xwe kir hesinkarî da ku karibim zarokê xwe bi xwedî bikim.” ...

April 10, 2023

"دوای ئەوەی هاتینە کەمپی واشۆکان لە رۆژئاوای حەسەکە، بڕیارمدا چیتر پشت بە کەس نەبەستم و کارێکی تایبەتی خۆمم هەبێت. ئێستا لەگەڵ کچ و کوڕەکەم لە کەمپەکەدا خواردن دروست دەکەین و گۆشت و کەباب دەفرۆشین. سەرەتا خەڵک گاڵتەیان پێدەکردم، دواتر کە بینیان سوودی هەیە و دەتوانم بژێویی ژیانم دابین بکەم، ژنانی تریش لە کەمپەکە دەستیانپێکرد و ئێستا کاری خۆیان هەیە. داوا لە هەموو ژنەکان دەکەم کار بکەن و بژێویی خێزانەکەیان دابین بکەن." ...

March 26, 2023

"لە منداڵییەوە لەم قاوەخانەیە کار دەکەم و لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە. ئەو ٧٠ ساڵ لەمەوبەر بە قوڕ و دار دروستیکردووە. ئەم قاوەخانەیە بووە بە شوێنێکی سەرەکی بۆ خێزانەکانی عامودا، رۆشنبیران، دکتۆر و جوتیاران کە تیایدا کۆدەبنەوە و هەروەها ئێستا بووەتە شوێنەوارێکی کۆن لە شارەکە. قاوەخانەکە دەستکاری ناکەم و نوێی ناکەمەوە، چونکە بۆنی باوکمی پێوەیە و بەشێکە لە رابردوو و سەردانکەرانیش بەمشێوەیە بەدڵیانە. ناتوانم لە قاوەخانەکە دووربکەومەوە لەبەرئەوەی بەشێکە لە من و شوناسم، دوای مردنیشم بەجێیدەهێڵم بۆ منداڵەکانم." ...

February 26, 2023

"دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٩ تورکیا شارەکەمانی داگیرکرد، لە کامپی نەورۆزی شاری سەرێ کانێ نیشتەجێبووم. کاتێک تورکەکان گەیشتن من نەمتوانی هەڵبێم چونکە نەخۆشبووم. رۆژێکیان کوڕە ٢٥ ساڵەکەم چووە دەرەوە بۆ ئەوەی دەرمانەکانم بۆ بهێنێت بەڵام نەگەڕایەوە، دواتر هەواڵمان پێگەیشت لە یەکێک لە زیندانە تورکییەکانی باتمان زیندانی کراوە. لەو ساتەوە ژیانم سەرەوژێر بووە، هەرچەندە نەخۆشم بەڵام خەیاتی دەکەم بۆ ئەوەی پارەی بۆ بنێرم. ئەو هیوایەی کە ماومە لەژیاندا ئەوەیە بتوانم جارێکیتر چاوم پێیبکەوێتەوە." ...

February 8, 2023

"تەمەنم ٧٢ ساڵە، لەدایکبووی عامودام و هەر لەوێش دەژیم. کاتێک منداڵبووم بوارم بۆ نەڕەخسا بچمە قوتابخانە و ئەوکاتە فێری نووسین و خوێندنەوە نەبووم. کە تەمەنم بوو بە ٥٠ ساڵ، هاوسەرەکەم فێری نووسین و خوێندنەوەی کردم بە زمانی کوردی، هەوڵێکی زۆرمدا تا فێربووم. ساڵی ٢٠١٤ گەشتم کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کوڕەکەم لەوێ دەژی. کوڕەکەم و هاوژینەکەی کاریان دەکرد و من تەنیا لە ماڵەوە دەمامەوە، هەر بۆیە بڕیارمدا دەستکەم بە خوێندنەوەی کتێب. دوای چەند ساڵێک یەکەم هەنگاومنا لە نووسینەوەی کتێبەکەم بە ناوی Biranina Jineke Kurd لە کتێبەکەدا باسی چیرۆکی ژیانی خۆمم کرد هەر لە منداڵییەوە وەک ژنێکی کورد کە خەڵکی عامودایە لەرۆژئاوای کوردستان، ساڵی ٢٠٢٢ گەڕامەوە بۆ عامودا و چاپمکرد. هەر لە منداڵییەوە خەونمبوو فێری خوێندن و نووسین بم، ئەوەتا من لە کۆتاییدا توانیم ئەم خەونە بەدیبهێنم کتێبێک بنووسم و لە ئێستادا لە گەرمەی نووسینی کتێبێکی دیکەم." ...

January 18, 2023

"لە گوندی تەل زیوانی نزیک قامیشلۆ دەژیم. لە منداڵییەوە خەریکی کشتوکاڵم و ئێستاش کە تەمەنم ٦٥ ساڵە هەر بەردەوامم. ئەمە پیشەی باو و باپیرانمان بووە و ئێمەش دەستبەرداری نابین. لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمی باران و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاستی بەرهەمهێنانمان کەمبوو، ئەگەر هەر بەوشێوەیەش بمێنێتەوە ئەوا زۆر مەترسیدارە، بەتایبەت لە ناوچەکەی ئێمە کە لە ناوچە هەرە گرنگەکانە بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی گەنم لە رۆژاوا و سوریا.لە ساڵی نوێشدا هەر گەنم دەچێنین تەنانەت ئەگەر ڕێژەی بارانیش کەمبێت، پشت بە ئاودان دەبەستین. هەرچەندە ئەمە تێچووی زۆرە بەڵام هیچ رێگەچارەیەکی ترمان نییە بۆ رزگاربوون لەم کێشەیە." ...

January 4, 2023

"ناوم حسێن عەبیدە و ته‌مه‌نم ٥٠ ساڵه‌. له‌ تەل تەمر له‌ ناوچه‌ی پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌ کوردییەکان، هێزه‌كانی توركیا و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كانی سه‌ر به‌ ئەوان ده‌ژیم.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ گونده‌كه‌مان بەشێوەیەکی نیمچە بەردەوام توشی بۆردومانی توركیا ده‌بێت، به‌ڵام خۆم و خێزانه‌كه‌م ماڵەکەمان جێنەهێشتووە و ناڕۆین. ماڵ و گوند جێهێشتن زۆر سه‌خته‌ من ئاماده‌م له‌ گوند بمێنمه‌وه‌ و به‌رگه‌ی لێدان و بۆردومان بگرم به‌ڵام ناچم بۆ كه‌مپ و له‌ناو خێمەدا بژیم. هەمیشە پارچەی تۆپەکان له‌ ناو شه‌قامه‌كانی گوند هه‌ن و هه‌موو به‌یانییه‌ك لەخوا دەپاڕێینەوە كه‌ ئاشتی و ئاسایش به‌رقه‌رار بكات له‌ رۆژئاڤا و سوریا و جه‌نگ كۆتایی بێت". ...

December 13, 2023

"تەمەنم ١٢ ساڵە و خەڵکی سەرێ کانیم. خانووەکەمان لەترسی بۆمبارانی رژێمی تورکیا لەدەستدا و وەکو پەنابەر هاتینە حەسەکە. ئێستا لە ماڵێکی بچووکدا دەژین لەو کێڵگەیەی کە باوکم کاری تێدا دەکات. وازم لە خوێندن هێنا تاوەکو یارمەتی باوکم بدەم، لە رۆژانی پشوودا لەگەڵ باوکم ئاوی کێڵگەکە دەدەم و ڕۆژانی دیکەش کاری میکانیکی ئۆتۆمبێل دەکەم. بەهۆی سروشتی کارەکەمەوە بەردەوام دەستەکانم بەهۆی رۆنەوە پیسە چونکە وەک میکانیک و وەک جوتیاریش کاردەکەم. حەزم لە خوێندنە بەڵام لەبەرئەوەی ژیان سەختە و باوکم بە تەنیا ناتوانێت بژێوی ژیانمان دابین بکات پێویستە کار بکەم". ...

November 20, 2022

"ناوم ‌حەدا داودە، لە هەشتاکانی ژیانمدام و خەڵکی سەرێکانیم. لەکاتی هێرشەکانی کوتلە ئیسلامییەکان و سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ سەر شاری سەرێکانی، لەپێناو رزگارکردنی گیانی خۆمان ناچاربووین رابکەین. بەڵام کوڕەکەم لە کاتی پارێزگاریکردن لە شارەکە شەهید بوو. ئەو هەواڵە زۆر قورس بوو بۆ من، وەک پەنابەرێک کە کوڕەکەشی شەهید بووە نەمدەزانی خەم لە کامیان بخۆم.لەوکاتەوەی ئاوارە بووین لە کامپی واشۆکان لە حەسەکە نیشتەجێین و هەر چاوەڕێی هەواڵی گەڕانەوەمانین. حەسرەتەکەمان هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، دووری لە نیشتمان زۆر سەختە.ئێستاش دوای سێ ساڵ ئاوارەبوون و نیشتەجێبوون لە کامپەکە، دەستمکردووە بە دروستکردنی ژوورێک لە قوڕ تاوەکو لە سەرمای زستان بمانپارێزێت کە بەمزووانە پێمان دەگات". ...

November 2, 2022

"تەمەنم ٥٠ ساڵە و لە گوندێکی حەسەکە دەژیم. ئەوەی لە گوند بژی دەبێت پشت بە کشتوكاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ ببەستێت. من و دوو منداڵەکەم پشت بە کشتوکاڵی سەوزەی وەک تەماتە، خەیار و کولەکە دەبەستین لە هاویندا و ئەوەی دەمێنێتەوە سوودی لێدەبینین و دەیفرۆشین. هەروەها گسکیش دەچێنین تاوەکو لەدواییدا لە پاککردنەوەی ماڵ و گەوڕەکاندا بەکاریدەهێنین و زیادەکەشی دەفرۆشین. ئەمەش بۆ ئەوەی پێویستمان بە گسکی پلاستیک نەبێت کە زۆر بەرگە ناگرێت و ناتوانین لە پاککردنەوەی شوێنی مەڕ و ماڵات سوودی لێوەرگرین.ژیانی لادێ زەحمەتە بەڵام مانایەکی تایبەتی هەیە. هەرشتێک کە دەیخۆیت تایبەتە بە خۆت. هەر خۆت دەچێنیت و دەدووریتەوە و ئەمەش زۆر پەیوەستیکردووم بە ژیانی ناو گوندەوە". ...

October19 , 2022

"ناوم جیهان حەسۆیە و خەڵکی قامیشلۆم. لەمنداڵییەوە هونەر بووەتە خولیام و خێزانەکەشم ئەوەیان دەزانی، بۆیە پەرەیان بە تواناکانمدا و راهێنانیان پێکردم. لەکاتێکدا باوکیشم هەڵکۆڵین لەسەر دار دەکات، بۆیە لەوەوە فێربووم و لەتەمەنێکی کەمەوە وێنەم دەکێشا و دەمفرۆشت. ئەمەش زۆر دڵخۆشی دەکردم کە دەمتوانی لە تەمەنێکی کەمەوە پشت بەخۆم ببەستم و داهاتێکم هەبێت لەرێگەی کارەکانمانەوە. دواتر حەزمکرد کارێکی تایبەت بکەم، هەر بۆیە دەستمکرد بە هونەری سوتان لەسەر دار ئەمەش وایکردن من یەکەم کەس بم لەناوچەکە لەو بوارەدا". ...

October 3, 2022

"لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووم کە دەستمکرد بە تۆپی پێ و لەو خوولانەدا یاریم دەکرد کە لە قوتابخانە رێکیاندەخست. ساڵی ١٩٨٠ دوای کۆچی باوکم بەهۆی ئەو ئەرکەی کەوتە سەر شانم بۆ ماوەی چەندین ساڵ دوورکەوتمەوە. دوای تەواوکردنی سەربازی لەساڵی ١٩٨٧، هاتمەوە قامیشلۆ و هەندێک گەنجی بەتوانام ناسی و تیپێکمان بەناوی جۆفنتۆس دروستکرد. تیپەکە پێکهاتبوو لە گەنجان و ژمارەیان دەگەیشتە ٦٥ یاریزان و منیش یەکێکبووم لەوان. ساڵی ٢٠١٥ پاڵەوانێتییەکمان رێکخست ولەو کاتەدا وترا ئەو تیپەی نازناوەکە دەباتەوە یاریگای ''١٢ی ئازار'' دەکاتەوە و یاری لەگەڵ تیپی ''ئامەد سپۆڕ'' دەکات کە ئاستێکی بەرزی هەبوو. پاڵەوانێتییەکەمان بردەوە و لەگەڵ ئامەد سپۆڕ یاریمانکرد بە ناوی تیمی ڕۆژاواوە و لەبەردەم 15 هەزار بینەردا یارییەکەمان بردەوە. چەندین رێزلێنانمان وەرگرتووە و دواتر بووم بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی وەرزشی لە قامیشلۆ. ئێستا خێزانەکەم هەموویان وەرزشوانی لێهاتوون و چاومان لە کوڕە بچووکەکەمە کە داهاتوویەکی گەشی هەبێت". ...