Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 29, 2020

“تەمەنم بیستوهەشت ساڵ بوو ئەوکاتەی پیاوەکەم عەمری خوای کرد. جگە لە خەم و پێنچ منداڵ هیچی تری بۆ جێنەهێشتم. پیاوەکەم دوو ژنی هێنابوو، خۆم پێنچ منداڵم هەبوو هەوێەکەشم دوو منداڵ، ئەو هەر زوو شوی کردەوە و مناڵەکانی خۆشی بۆ من جێهێشت. ئەوانیشم هێنایه لای خۆم و بەخێوم کردن. ژیانمان زۆر بەسەختی دەڕۆیشت، بۆیە بیرم لە کارێک دەکردەوە کە کەمێک پارەم دەستبکەوێت و ئەم حەوت منداڵە بەخێوبکەم، سەرئەنجام ئەم دوکانەم دانا. پانزە ساڵە خاوەنی ئەم دوکانەم، جلی کۆنەی ماڵان ئەکڕمەوە وەکو جلی کوردی و ماکسی و هەر شتێک بێت. ژنێکی ڕۆژهەڵاتی بەردەوام دێتە لام ئەو جلە کوردییانەی کە زۆر قەدیمن بە پارەیەکی باش لێمدەکڕێت و زۆر شارەزای جۆر و شێوازەکانی جلی کوردییە”

“ڕۆژانە ئەوەی ئەیفرۆشم لێرە ئەیدەم بە میوە و تەماتە بۆ منداڵەکان و ئەیبەمەوە تا برسی نەبن. هەندێک جار جل دەکڕمەوە کاتێک دەیفرۆشمەوە ٢٥٠ی تەبع خێرەکەم یان ٥٠٠، بەڵام سوپاس بۆخوا قەناعەتم پێی هەیە، چونکە گەر قەناعەتت هەبوو هەرشتێکت هەبێ بەسە. من هەم دایکم و هەم باوکم بۆ منداڵەکان، زۆر دڵخۆشم کە دەست لەکەس پان ناکەمەوە و لەسەر پێی خۆم ڕاوەستاوم و ناهێڵم منداڵەکانم برسی بن. ژن بوون لە وڵاتی ئێمەدا سەختە! زۆرجار سەرباری ئەرکەکانی خۆی ئەرکی پیاوەکەشی دێتە سەر. لەم ژیانەدا هەموو شتێک بە پارە دەکرێت، بۆیە من هەمیشە دەڵێم پارە دین دەرە و دین بەریشە. بەڵام سەعاتێک بینینی کوڕەکانم بۆ من هەموو دنیا دەهێنێت.”