Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

June 5, 2022

“فێربوونی زمانێکی نوێ، چەندە زەحمەتی هەیە، دوو ئەوەندەش چێژی خۆی هەیە. من لەڕێی فەیسبووکەوە فێری دوو زمانیتر بووم. هاوڕێ ئینگلیز و ئۆکڕانییەکانم پێیان سەیر بوو من لەو تەمەنە گەورە و تەنیا بە هۆی چاتەوە فێری زمانی ئەوان بووم! ئێستا قۆناغێکی باشترم بڕیوە لە فێر بوونی زمانی ئۆکڕانی، بەشێویەک کە دەتوانم بە دەنگوڕەنگ قسە لەگەڵ هاوڕێکانم بکەم نەک تەنیا بە چات. ئەوان زۆر تامەزرۆی شێوازی ژیان و کەلتووری ئێمەن، بۆیە هەموو کات داوای ئەوەم لێ دەکەن کە بۆ چەند کاتێکی کەمیش بێت، ڕووی کامێرای مۆبایلەکەم بکەمە خەڵک و بازاڕی خانەقین، تەنانەت وایلێهاتووە ئاشنایەتییان لەگەڵ درواسێیەکانی دوکانم پەیدا کردووە. دراوسێکانیشم جار جارە بە ڤیدیۆ قسەیان لەگەڵ دەکەن و من دەبمە وەرگێڕ لە نێوانیاندا. زۆر حەز دەکەن گەشتێک بکەن بۆ خانەقین و لە نزیکەوە بیبینن. بەڵام بەداخەوە ترسیان لە ڕەوشی ئەمنیی عێڕاق هەیە. بەڵام خودا یاوەر بێت من تەمای ئەوەم هەیە گەشتێک بۆ لای ئەوان بکەم و لەنزیکەوە پەیوەندیەکانمان بەهێزتر بکەین و زیاتر برەویش بە قسەکردنی خۆم بدەم”.