Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

18/12/2024

من، ئەحمەد محەممەدم، هەنگەوانێکی شاری کۆبانێم. تەمەنم پەنجا ساڵی تێپەڕاندووە. بەخێوکردنی هەنگ هەمیشە خولیای ژیانم بووە. خاوەنی سەدان شانەی هەنگ بووم و هەنگوینی ڕەسەن و سروشتیم لێیان بەرهەم دەهێنا. بەڵام جەنگ و ئەو بارودۆخە گرانەی سووریای تێکەوت، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر پاشەکشەی هەنگەوانی و سەرچاوەی بژێویم دانا. لە لایەکی ترەوە بەکارهێنانی مادەی کیمیایی لە کشتوکاڵدا هۆکارێکی تر بوون بۆ مردنی هەنگەکان.

ئەوەی ڕاستی بێت لەناوچوون و لەدەستدانی ئەو هەنگانە بە تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی نییە، بەڵکو کاریگەری خراپی لەسەر نەریت و کەلتوور و سەرچاوەی خۆراک و دەرمان هەیە. بۆیە داواکارم هەمووان زیاتر گرنگی بە پیشەی هەنگەوانی بدەن و پارێزگاری لە مانەوەی بکەن، چونکە سەرچاوەیەکی یەکجار بە بەهایە بۆ ژیانی مرۆڤ و هەسارەکەی..