Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

18/06/2025

چیرۆکی کوردێکی ڕۆژهەڵات لە دوکانەکەمدا، هەموو جۆرە نەخش و نیگارێک دروست دەکەم. کارەکەم ئاسان نییە و هەر ئیشێک تا دەگاتە کۆتایی، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت، کە گرنگترینیان: قاڵببەندی و بڕین، ئامادەکردن و کارکردنە لە دروستکردنی کەرەستەکاندا.من (ئارام شەجێعی)م، تەمەنم ٣٥ ساڵە و نزیکەی ٢٠ ساڵە خەریکی ئەم کارە هونەرییەم. بڕوانامەی گرافیک و کاری دەستیم لە بواری زێڕنگەریدا بەدەستهێناوە.لە ڕابردوودا، لە بەردەستی چەندین وەستای شارەزا و بەناوبانگ ـ بەتایبەت لە شاری سنەـ کارم کردووە و هەنگاوبەهەنگاو فێری پیشەکە بووم و دواتریش لە شارەکانی تری وەک: کەرەج، تاران و ئەسفەهان بەشداری خولی تایبەتم کردووە و دواجار توانیم لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی بەهرەمەندانی وڵاتی ئێران بەشداری بکەم.لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئەم دوکانەم لە بواری: زیو و زێڕنگەری و کریستاڵدا کردووەتەوە و توانیومە لە ماوەی چەند مانگێکدا پێنج کیلۆ زیو و سێ کیلۆ زێڕ بەکار بهێنم. ...

06/11/2025

چیرۆکی کوردێکی باکوور کاتێک گەنج بووم لەسەر جەستە و ڕوومەتم خاڵم دەکوتا. هەر خاڵێک هێمایەکی سیمبولیی خۆی هەیە. بۆ خۆم حەزم لە وێنەی خۆر بوو، بۆیە وێنەی خۆرم لەسەر ناوچاوانم دەکوتا؛ هەر چەندە نەشمدەزانی چ مانایەک دەگەیەنێت! بەڵام دواتر تێگەییشتم خۆر هێمای ڕووناکی و سەرچاوەی ژیانە.لە ڕابردوودا، لە قەرەزداغ خاڵکوتین زۆر باو بوو، پیاو، ژن و منداڵ خاڵیان دەکوتا و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا فێری خاڵکوتان بووم و بۆ گەنجان و منداڵانم ئەنجام دەدا. ئەو شێوە خاڵکوتانەی ڕابردوو وەک ئێستا نییە و تەنها بە کەسانی بەتەمەنەوە ماون.بۆ کوتانی خاڵ ڕەش پەتی سووتاو (پەتەسۆ) و شیری ئەو دایکانەمان تێکەڵ دەکرد، کە منداڵی کچیان بە بەرۆکەوە بووە. دواتر ئەو وێنەیەمان هەڵدەبژارد کە خواستی خۆمانی لەسەر بوو و ئەوجا بە دەرزی وێنەکەمان لەسەر ناوچاوان، چەناگە، دەست و پەنجە، مەچەک و بازوو و… هتد دەکوتا، بەجۆرێک لە ماوەی دوو سێ ڕۆژدا برینێکی قووڵی جێ دەهێشت و پاش ساڕێژبوونی برینەکە ئیدی وردە وردە وێنەکە دەردەکەوت. ...

04/06/2025

چیرۆکی کوردێکی ڕۆژئاوا لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا، هەموو دوکانەکان بە دوکانەکەی ئێمەشەوە وێران و خاپوور کران، بۆیە ناچار بووین کۆچ بکەین و ڕوو لە شار و وڵاتانی دراوسێ بکەین، بەو هۆیەوە من لە شاری سلێمانی گیرسامەوە.من ناوم (عادل حەنیفی)یە، تەمەنم ٤٣ ساڵە. خاوەنی دوکانی شیرینی (دیندار)م، لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەم دوکانەم لە کۆبانێ دامەزراند و لەو کاتەوە بەردەوام بووم و بەتامترین شیرینیمان پێشکەش دەکرد.لە دوای ئازادکردنی کۆبانێ، لە شاری سلێمانی-ەوە، کە دەکەوێتە باشووری کوردستان گەڕامەوە زێدی خۆم. لە سەرەتادا کارکردن ئاسان نەبوو، چونکە گشت سنوورەکان داخرابوون، بۆیە ناچاربووین بۆ ئامادەکردنی هەر جۆرە شیرینییەک کەرەستەی پێویست لە ڕێگە سەختەکانەوە بە دەست بهێنین. سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و ماندووبوونەی لە ساڵانی دواتردا بە هۆی شەڕەوە دووچاری بووین، بەڵام بەو جۆرەش هەر کۆڵم نەدا و دووبارە دوکانەکەم کردەوە. گەرچی ئەوەش ئاڵنگارییەکی گەورە بوو، بەڵام خواستی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی ژیان زۆر لەوە گەورەتر بوو.ئەمڕۆ لە پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، بە شانازییەوە دوکانەکەم سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە دۆخی جارانی و شیرینی تێدا دەفرۆشم، هەر بۆیە دەڵێم: ئەمە چیرۆکی خۆڕاگرییە، یاخود چیرۆکێکی شیرینە، کە بەسەر تاڵیی شەڕدا زاڵ بووە. ...

28/05/2025

چیرۆکی کوردێکی باشوور پیشه‌ی ناڵبه‌ندی یه‌كێكە له‌ پیشه‌ ده‌گمه‌نەکان، مێژووییه‌كی کۆنی له‌ ناوچه‌کانی كوردستاندا هەیە، بە تایبەت له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان، بەهۆی ئەوەی هێشتا زۆرێک لە وڵاخه‌ باربه‌ره‌كان له‌و ناوچانه‌دا بوونی ماوه،‌ بۆیە خه‌ڵكانێك وەک كار و كاسپی سوود لە پیشه‌ی ناڵبه‌ندی وەردەگرن.ناڵکردن، بۆ پاراستنی سمی وڵاخه‌ باربه‌ره‌كانە، کە ئەوەش به‌ چه‌ند قۆناغێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت، هەر بۆیە هەندێ جار گۆڕینی ناڵی وڵاخەکان لەسەر زۆری و كه‌میی ڕۆیشتنی وڵاخه‌كه‌‌ وەستاوەتەوە، کە وا دەکات دووبارە ناڵ بكرێنەوە‌. ئه‌و وڵاخانه‌ی ناڵ ده‌كرێن وه‌ك (هێستر، ئه‌سپ، ماین، گوێدرێژ و… هتد).من ناوم (فه‌تاح حەسەن نادر)ە، ته‌مه‌نم ٦٥ ساڵه و‌ خه‌ڵكی گوندی گریانه‌ی هه‌ڵەبجه‌م، ئێستا له‌ هه‌ڵەبجه‌ی شه‌هید نیشته‌جێم و بۆ ماوه‌ی ٤٠ ساڵه‌ پیشه‌ی ناڵبه‌ندی ده‌كه‌م و له‌ باوكمه‌وه‌ ئەو پیشەیەم بۆ ماوەتەوە، زۆرکات له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و ئه‌و ناوچانه‌ی سه‌رسنوری نێوان وڵاتی عێراق و ئێرانن کار دەکەم. ...

05/21/2025

چیرۆکی کوردێکی ڕۆژهەڵات جاران، دروستکردنی لێفە، کارێکی گران و پڕ ئەرک بوو، تا ئامادە دەکرا، نزیکەی دوو ڕۆژی پێ دەچوو. لێفە، پڕ دەکرا لە لۆکەیەکی زۆر و بە ئەندازەیەک قورس دەبوو، کە سەرمای زۆری دەگەڕاندەوە و بەئاسانی لەکاتی خەوتندا لەسەر مرۆڤ لانەدەچوو. بەڵام لە ئێستادا، بەهۆی ئەوەی کە لۆکە کەمتر بەکار دەهێنرێت، پیشەکە گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و بەو جۆرە نەماوەتەوە کە لەسەری فێربووم.گەرچی باپیرم لێفەفرۆش بوو، بەڵام من لە (حاجی حەبیب)ـەوە فێری پیشەکە بووم و خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانم لەگەڵیدا بەسەر برد. ئەو، یەکەم کەسیش بوو لە شاری سنە کە مۆڵەتی تایبەت بەم پیشەیەی لە سەندیکا وەرگرتبوو.من، ناوم (نادر)ە، ساڵی ١٩٧٥ لە شاری سنە لەدایک بووم، لەگەڵ (تەیموور)ی هاوڕێم، نزیکەی ٤٧ ساڵە پێکەوە ئەم کارە دەکەین. تەمەنم شەش ساڵان بوو خێزانەکەم لای وەستا حەبیب کردمیان بە شاگرد و لەسەر دەستی ئەو فێری پیشەکە بووم. میهرەبانی و دەستڕەنگینی ئەو بوو وای لێ کردم، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تامەزرۆی پیشەکە ببم و تەناتەت دوای کۆچی دوایی ئەویش، هەر بەردەوام بم. ...

05/14/2025

چیرۆکی کوردێکی باکوور هەموو خەونم ئەوەبوو ڕۆژانێک بێت و بتوانم قۆناغەکانی خوێندن تەواو بکەم، بەڵام ئەم هیوایەم بۆ نەهاتە دی. چونکە بژێویی ژیانی خێزانەکەم لەسەر بەخێوکردنی مەڕوماڵات و بەرهەمە سپیاییەکانی وەک: ماست، شیر و پەنیرە. هەر لە سەرەتاوە بە پیشەی شوانکارەیی لە چیای (قەرەزداغ) هێناومە و تا ئێستا بەردەوامم...

07/05/2025

چیرۆکی کوردێكی ڕۆژئاوا خولیای من بۆ ئەم پیشەیە لە تەمەنێکی گەنجییەوە دەستی پێکرد. من باش لە بیرمە کە دایکم چۆن جلی نەریتیی ژنانی کوردی دیزاین دەکرد، هەربۆیە بە سۆز و سەرسامییەوە سەیرم دەکرد.ناوم (حەسەن محەمەد ساڵح)ە، لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری کۆبانێ لە دایک بووم. لە ئامۆزاکەمەوە فێری ئەم پیشەیە بووم. گەشتەکەم لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد، کاتێک تەمەنم ١٦ ساڵ بوو.ئەم پیشەیە بە وێستگە جیاوازەکاندا بردمی، چونکە لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شارەکە ناچار بووین کۆبانێ بەجێبهێڵین و ئیتر دواتر خۆمم لە تورکیا بینییەوە. ئەم ئەزموونە پێزانینی منی بۆ بەهای کولتوور و گرنگیی پاراستنی لە ڕێگەی پیشەکەمەوە زیاد کردووە.لە دونیای مۆدەی ژنانی کورددا وردەکاریی بێشومار دەدۆزمەوە و هەر پارچەیەک چیرۆک و مێژوویەک هەڵدەگرێت، بە تایبەتیی زۆر حەزم لە دیزاینکردنی جلی ژنانی کوردە. چونکە ئەوان جیهانێکن لە داهێنان و هەمەچەشنی، ئەمەش پێچەوانەی جلوبەرگی پیاوان، کە زۆرجار لە یەک ستایلدا سنووردارە.جلی ژنان بە دیزاینە هەمەچەشنەکانیان و ڕەنگی گەشاوە و نەخشینی ناسک جیا دەکرێنەوە، کە ڕەنگدانەوەی هونەری پاڵاوتەکراوی ژنانی کوردە. جلوبەرگی ژنانی کورد بە بەشێکی دانەبڕاو لە فۆلکلۆر و شوناسی کولتووریی دەزانم و وا دەکات خۆشەویستیم بۆ ئەم پیشەیە زیاتر بێت، چونکە ئەم جلانە جێگەیەکی تایبەت و ئامادەییەکی بەهێزیان لە دڵماندا هەیە، بە تایبەت لە ئاهەنگ و بۆنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانماندا، دواجاریش شادی و شانازی بە کولتووری دەوڵەمەندمان بەرجەستە دەکەن. ...

30/04/2025

چیرۆکی کوردێکی باشوور کاتێک لە زیندانی دوبز بووین، ژنی دووگیانمان لەگەڵدا بوو، ھەر ژنێک منداڵی ببوایە، من مامانیم بۆ دەکرد، لە تافی لاوییەوە، کە تەمەنم ٢٠ ساڵان بوو، لە گوندەکەمان، فێری ناوکبڕین و مامانیی ژنان ببووم.ناوم (نێرگز عەزیز بابا عەزیز)ە، ناسراوم بە (نێرگزی مامان)، ساڵی (١٩٥٥) لەدایک بووم، خەڵکی گوندی (جەباری)ی سەر بە قەزای (چەمچەماڵ)م.درەنگانێکی شەو بوو، سەربازانی بەعس دایان بە سەر گوندەکەماندا و ھەموومانیان بە سەیارەی سەربازیی سەرداپۆشراو بەرەو (تۆپزاوا)ی کەرکووک ڕاپێچ کرد. سەرەتا هەموومانیان لە یەکتری جیا کردەوە، ژنەکانیان بۆ زیندانی دوبز برد، پیاوەکانیش بۆ نوگرەسەلمان.ئەو کاتانەی لە زیندان بووین، ھەموو ڕۆژێک بەرپرسی زیندانەکە دەهات بۆ لامان و پێی دەوتین: ئیتر کورد و کوردایەتی ناکەن، ھەتا دەمرن ئەمە شوێنتانە! لە زیندان و تا ئەو کاتەشی ئازادکراین نەمانزانی ئەوانی تر چییان لێ بەسەرهات، چونکە کاتێک لێکیان جیا کردینەوە، هەندێکیان بەھۆی بەرزیی پلەی گەرما و بێ ئاوییەوە مردن.لە زیندانەکەی دوبز، زیاتر لە ٦٠ منداڵ بە دەستی من لەدایک بوون. لەوێ گەرچی نەخۆشخانەیەک ھەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە کورد بووین، گەر نەخۆشیش بکەوتینایە بۆ نەخۆشخانەکەیان نەدەبردین.کاتێک سەدام لێخۆشبوونی گشتی دەرکرد و ئازادکراین، هیچمان پیاو و کوڕمان بۆ نەما بووەوە، تەنها لە ماڵی باوکمدا، زیاتر لە ٢٠ پیاو زیندەبەچاڵ کرابوون، خۆم شەش منداڵم ھەبوو. تەنانەت یەکێک لە منداڵەکانم لە نێو زینداندا و لە برساندا گیانی سپارد، خواردن لە زینداندا، تەنها یەک سەموونی ڕەق بوو، منداڵەکەم ھەتا مردیش، هەر هاواری نانی دەکرد.لە کۆتاییدا، پاش لێبووردنە گشتییەکە، شەوێکیان ئێمەیان خستە ناو (پێنج) سەیارەوە و دواتر لە عەربەت فڕێیان داین، لەو شەوە بە دواوە، تاوەکو دوو ساڵ بەر لە ئێستاش، لە پیشەی مامانی بەردەوام بووم، بەڵام دواتر حکومەت بە فەرمی پیشەی مامانیی قەدەغە کرد. ...

23/04/2025

چیرۆکی کوردێكی ڕۆژهەڵات لەمێژە پەیوەندیم بە پیشەی (دار)ەوە هەیە، باوکیشم هەر ئەم کارەی کردووە و دارفرۆش بووە. لە منداڵییەوە لەناو ئەم کارەدام. ناوم (شەرارە ڕەحمانی)یە، لە ساڵی ١٩٨٨ لەدایک بووم، بڕوانامەی پەیکەرسازی و شێوەکاریم هەیە. چەندین ساڵە لە لای زۆرێک لە مامۆستایانی پایەبڵندی سنە، کاری وێنەکێشانم ئەنجامداوە، ماوەی پێنج ساڵیش دەبێت سەرقاڵی ئەم کارەم و چەندین خولی تایبەتیم بینیووە. نزیکەی سێ ساڵە، کارگەیەکم دامەزراندووە، کە تێیدا تابلۆی هونەری، پەیکەر و کاری تەختەگەری وەک شەترەنج و زۆر کاری دەستی دیکەی تێدا دروست دەکەم. ئامانجی گەورەترم هەیە، ئارەزوو دەکەم کاری جوانتر ئەنجام بدەم و زیاتر بچمە پێشەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کارگەیەکی گەورەتر لەمەی ئێستا دابمەزرێنم. ...

16/04/2025

تەمەنێکە سەهۆڵ دەفرۆشم؛ نزیکەی (٣٥) ساڵە. پێشتر بە هۆکاری ئەوەی بەفرگر (سەلاجە) لە هەموو ماڵێکدا نەبوو، خەڵکی ناچاربوون بۆ ئەوەی ئاو سارد بکرێت، بەفر بکڕن و لە وەرزی هاویندا ئاوی خواردنەوەی پێ سارد بکەن. وەک ئارەزوویەک، لەو کاتەوە من شەیدای سەهۆڵ بووم. ئەم ئارەزووەش لەگەڵمدا گەورەبوو؛ بۆیە بڕیارمدا ببم بە سەهۆڵ فرۆش. لە ساڵی ١٩٩٠دا ئامێرێکی دروستکردنی سەهۆڵمان کڕی و دەستمان کرد بە بەرهەمهێنانی سەهۆڵ. بەڵام بەهۆی ئەوەی پیشەکەمان نوێ بوو، هیچ زانیاری و ئەزموونێکمان نەبوو، کە چۆن سەهۆڵ بفرۆشین. سەهۆڵەکانمان دەخستە ناو سندوق و بە ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان دەگەڕاین و دەمانفرۆشت. لە سەرەتادا، تەنها دەمانتوانی ئەمە بکەین، بەڵام بە پێی کات ئەزموونمان لەسەر کارەکە کۆکردەوە و لە ئێستادا هەموو ڕۆژێک سەهۆڵ دروست دەکەم. لە مانگەکانی هاویندا کارەکەمان زیاد دەکات؛ لەبەر ئەوەی خواستی زیاتر لەسەر سەهۆڵ هەیە. سەهۆڵ بە شێوەی چوارگۆشە و خڕ دروست دەکەم و بە ماتۆڕسکیلەکەم دەچمە بەردەم دەرگای کڕیارەکانم و پێیانی دەدەم. سەهۆڵ بۆ من شتێکی جیاوازە و هەر تەنها وەک هۆکارێکی ئاوساردکردن نییە، لەبەر خۆشەویستی و نزیکایەتیم لە کارەکەم، ئەوانەی لە نزیکەوە دەمناسن، پێم دەڵێن: "باوکی سەهۆڵ" . من سوپاسگوزارم لە دۆخی کارکردنی خۆم و دڵخۆشم پێی. ئێمە ئێستا لە بواری سەهۆڵ براندێکمان هەیە بە ناوی خۆمانەوە و بە جۆرێک ڕۆچووینەتە ناو پیشەکەمانەوە، کە دەتوانین بڵێین بووین بە باشترین بەرهەمهێنەری سەهۆڵ لە ئامەد. ...

2/04/2025

ناوم (سەوزە مەعروف سەعید)ە. ساڵی ١٩٥٦ لەدایک بووم. لە تەمەنی چوار ساڵییەوە، بەھۆی نەخۆشییەکەوە ھەردوو چاوم لە دەستداوه‌. شەوێك به‌چاوی ساغه‌وه‌ خەوتم و بۆ بەیانییه‌كه‌ی، به‌ کوێری خه‌به‌رم بوویه‌وه! نه‌خۆشییه‌كه‌ بۆماوه‌یی نییه‌ و له‌‌ بنه‌ماڵه‌ و خێزانه‌كه‌ماندا، تا ئێستا كه‌سێكی نابینای تێدا نه‌بووه‌، ئه‌وه منم بوومه‌ته‌ تاقانه‌ی ناویان. لە ڕێگەی براژنەکەمەوە فێری دروومانی بووم، یەکەمین جار كه‌ کراسێکم دروو، تەمەنم ١٣ ساڵان بوو...