Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

12/03/2025

چیرۆکی کوردێکی ڕۆژئاوا

من (ئەحمەد کرۆ)م، خەڵکی شاری کوردنشینی (کۆبانی)م لە سووریا. تەمەنم ٥٥ ساڵە و لە تەمەنی پێگەییشتنمەوە تا ئەم ساتە، کار لە چاککردنەوەی پێڵاودا دەکەم. ئێمە هەژار بووین و پیشەیەکی تر نەبوو فێری ببم.

لە ڕابردوودا، پیشەی پێڵاوچاککردن (پینەچێتی) قازانجێکی زۆری هەبوو؛ چونکە خەڵک لەبری کڕینی پێڵاوی نوێ، پێڵاوە کۆنەکانیان چاک دەکردەوە. بەڵام ئەمڕۆ به پێچەوانەوەیە، خەڵک له بری چاککردنەوەی پێڵاوە دڕاو و کۆنەکانیان، پێڵاوی نوێ دەکڕن؛ ئەمە جگە لەوەی زۆربەی پێڵاوەکانی ئەمڕۆ له مادەی پلاستیک، کارتۆن و کەرەستەی عادی دروستکراون، بۆیە ناتوانرێت چاک بکرێنەوە، ئەمەش به پێچەوانەی جارانەوەیە، کە پێڵاوەکان له چەرم و مادەی ئەسڵی دروستدەکران و تەنانەت گەر خراپیش ببووایە، دەتوانرا بۆ چەند جارێکی تر چاکبکرێنەوە.

بەو پێیەی کارەبا لە ئێستادا نییە یان کەمبووەتەوە، ناتوانم ئامێری دوورین بۆ چاککردنەوەی پێڵاوەکان بەکاربێنم، ئەمەش وای کردووە ڕۆژانە سێ بۆ چوار جووت پێڵاو چاک بکەمەوە، ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵانی پێشوو زۆر کەمە. لە بەیانییەوە تاوەکوو ئێوارە، ڕۆژەکانم بەم شێوەیە لە ژێر ئەم سەقفە ماندووکەرەدا تێ دەپەڕن.

لە ئێستادا، لەگەڵ خێزان و کوڕەکەم دەژیم. کوڕەکەشم دەیەوێت فێری هەمان پیشە ببێت، بەڵام من ئامۆژگاریم کرد، کە بخوێنێت یان پیشەیەکی تر فێر ببێت، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو.