06/11/2025
چیرۆکی کوردێکی باکوور
کاتێک گەنج بووم لەسەر جەستە و ڕوومەتم خاڵم دەکوتا. هەر خاڵێک هێمایەکی سیمبولیی خۆی هەیە. بۆ خۆم حەزم لە وێنەی خۆر بوو، بۆیە وێنەی خۆرم لەسەر ناوچاوانم دەکوتا؛ هەر چەندە نەشمدەزانی چ مانایەک دەگەیەنێت! بەڵام دواتر تێگەییشتم خۆر هێمای ڕووناکی و سەرچاوەی ژیانە.
لە ڕابردوودا، لە قەرەزداغ خاڵکوتین زۆر باو بوو، پیاو، ژن و منداڵ خاڵیان دەکوتا و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا فێری خاڵکوتان بووم و بۆ گەنجان و منداڵانم ئەنجام دەدا. ئەو شێوە خاڵکوتانەی ڕابردوو وەک ئێستا نییە و تەنها بە کەسانی بەتەمەنەوە ماون.
بۆ کوتانی خاڵ ڕەش پەتی سووتاو (پەتەسۆ) و شیری ئەو دایکانەمان تێکەڵ دەکرد، کە منداڵی کچیان بە بەرۆکەوە بووە. دواتر ئەو وێنەیەمان هەڵدەبژارد کە خواستی خۆمانی لەسەر بوو و ئەوجا بە دەرزی وێنەکەمان لەسەر ناوچاوان، چەناگە، دەست و پەنجە، مەچەک و بازوو و… هتد دەکوتا، بەجۆرێک لە ماوەی دوو سێ ڕۆژدا برینێکی قووڵی جێ دەهێشت و پاش ساڕێژبوونی برینەکە ئیدی وردە وردە وێنەکە دەردەکەوت.