Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 04

April 9, 2020

“بە هۆی ئەوەی خانەوادەکەم دیندار بوون، منداڵییەکی شەرمن و ترسنۆکانەم هەبوو. قۆناغی منداڵیم پڕ بوو لە حەرام و خەتی سوور. هەر لە منداڵییەوە هەستم بە نەشازیی خۆم دەکرد لەناو هاوتەمەن و هاوڕێکانم، بە جۆرێک زۆربەی کات بە تەنیا دەمامەوە – ئەم حاڵەتەم تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، هەڵبەت هۆکارەکەی بە دیاری کراوی نازانم – بە منداڵی ئەمە دەبووە مایەی ناخۆشی و قەلەقیم، بەڵام ئێستا ئەو نەشازی و تەنیاییەی خۆم لە هەموو شتێک خۆشتر دەوێت. خۆشترین ساتەکانی ژیانم شکاندنی ئەو کۆت و بەند و خەتە سوورانە بوو کە بە هۆی دین و کۆمەڵگاوە لێیان تۆقی بووم، دواجار، هەر ئەمەش مەعریفە و دنیابینیی منی گۆڕی؛ لە کەسایەتییەکی شەرمن و ترسنۆکەوە بۆ کەسێکی سەرکێش و ڕێچکەشکێن. لە ئێستادا زۆربەی ئەزموون و شتەکانی خۆم خۆش دەوێت. یاسا و ڕێسا و شەریعەتی تایبەت بە خۆم هەیە جیاواز لە هەر کەسێکی تر. سەرچاوەی وزە و ئیلهامی من تەنیا سروشتە، هەمووکاتێکیش پێم خۆشە تەنیا لە سروشتەوە نزیک بم. فەلسەفەی ژیانی من ئەوەیە: تەنیا خۆت بە، خۆتت خۆش بوێ، خۆشی و ناخۆشی و فکر و دنیابینیت لەگەڵ هیچ کەس بەش مەکە و بەراوردی مەکە.”

“پێش چەند ساڵێک ئاواتێکمم هێنایە دی، ئەویش، کاتی خۆی گۆڤاری ئەلفوبێ هەبوو، تەمەنم 20 ساڵ بوو کە دەربارەی دەرزی ئاژنینی چینی لەو گۆڤارەدا خوێندبوومەوە، منیش چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لەگەڵ چەند کەسێکی چینی ڕێککەوتین کە دکتۆرێکی چینی بهێنین و سەنتەرێکی دەرزی ئاژنین لێرە بکەینەوە. دوای 38 ساڵ، ئاواتەکەم هاتە دی. بەڵام دواتر بە هۆی شەڕی داعشەوە دکتۆرەکان ڕۆشتنەوە بۆ چین. من هەر لە ناوچەیەکی شاخاوی لە دایک بووم و لە منداڵییەوە خولیای شاخم هەیە، ئێستا ئاواتێکی ترم لە پێشە، کە لە چین بچم بۆ شاخی ئەڤەرێست. ئەگەر بگەڕێمەوە سەردەمی گەنجی، بە خۆم دەڵێم قەت لە هیچ نەترسی، هەمیشە لە هەر شوێنێکدا کەوتی، هەڵسەوە، قەت بیر لەوە مەکەرەوە کەوتووی، هەمیشە بەردەوام بە.”

“لە 2015دا، بە ڕێکەوت یەکمان ناسی. لەو کاتەوە بڕیارمان دا زۆربەی گەشتەکانمان پێکەوە بکەین، تا ئێستاش هاوڕێیەتییەکی زۆر نزیک و بەهێزمان هەیە، نزیکەی 100 گەشتمان پێکەوە کردووە. قورسترین گەشتمان ساڵی 2017 بوو. بەیانییەکەی سەعات 9 بۆ پیرەمەگروون سەرکەوتین، تا 6ی ئێوارە ئێمە بە ناو بەفردا دەڕۆشتین. کە گەشتین، دنیا تەواو تاریکی داهاتبوو. شەو لەوێ ماینەوە و تا بەیانی بەفر و باران لەو شاخە بەسەرماندا باری. بەیانییەکەی، با سوسەیا دابەزین، بەڵام ڕێگاکە گیرابوو. بە ناچاری دەبوو ڕێگا بگۆڕین، لە سەعات 9ی بەیانییەوە تا 8ی ئێوارە بەڕێگەوە بووین، ئینجا گەیشتینە خوارەوە، دنیا تاریک بووبوو. زۆر سەختیمان لەو گەشتە بینی، جلەکانمان تەواو تەڕ بووبوون، سەرچاوەمان پێ نەبوو، خواردنمان پێ نەبوو و نانمان نەخواردبوو، گەشتێکی ئێجگار سەخت بوو. خۆشترین گەشتیشمان هەر لە پیرەمەگروون بوو، ڕۆژی لەدایکبوونم بوو، شەوی یەڵداش بوو، ڕۆژێکی زۆر خۆش بوو.”