Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 13

April 14, 2020

”بە حوکمی ئەوەی من ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانم، لە ئیستادا ئیشی من لە ناو خەڵکدایە، لە ناو شەقامەکانی شاردا هەموو کەسێک ئەبینی، هەر یەکەو جۆرە ئەقڵیک یاخود جۆرە بیرکردنەوەیەکی هەیە، ئێمەش پێویستە لەگەڵ هەموویاندا بگونجێین. تۆزێ قورسە بۆ ئێمە بتوانی بۆ هەر 5 خولەک جارێک شێوەی قسەکردنت بگۆڕی. لەو 48 كاتژمێرەی کە سەرجەم شەقامەکانی ناو شار داخران، من لە یەکێک لە شەقامەکان بووم، کابرایەک بە سەیارەکەی هاتە بەردەمم، منداڵێکیشی لەگەڵ بوو، پێم وت کاکە چی ئەکەی لە دەرەوە نازانیت قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە؟ یەکسەر پێی وتم، ‘تۆ مناڵت هەیە؟’ سەیر بوو بە لامەوە، وتم بەڵێ دوو منداڵم هەیە. دەستێکی بۆ منداڵەکە ڕاکێشا و وتی ‘ئەمە زۆر هۆگری نەنکیەتی، بەڵام نزیکەی 10 ڕۆژ زیاترە داوای نەنکیم لێ دەکات، تۆ بیت لەجیاتی من چی دەکەی؟’ یەکسەر وتم دەیبەم بۆ لای. پاشان پێم وت فەرموو ئەتوانی بڕۆی..“