Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 14

April 15, 2020

“هەموو شتێکی من لەگەڵ براکەمدا بوو کە دوو ساڵ لە خۆم بچووکتر بوو، چوونەدەرەوەمان، کاسبیمان، خۆشی و ناخۆشی. هەموو شتێک. ماڵمان لە دارۆغا بوو، ساڵانی 70 پێکەوە سەموونمان ئەفرۆشت، بەیانییەکیان زۆر سارد بوو، چووین سەموون بکڕین، سەموونخانەکە لە سەرا بوو. کەڕۆشتین، هەستم کرد نەخۆش و بێتاقەتە، ناچاریش بووین، لەبەر ئەوەی دۆخی مادیمان باش نەبوو… ڕۆژێکیان لە ماڵەوە شەڕمان ئەکرد، لە پڕ برا گەورەکەمان خۆی کرد بە ژوورا، هەردووکمانی کردە ژوورێکەوە، سجنی کردین بۆ ئەوەی ئاقڵ ببین، بەڵام وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ، لە ژوورەوە دەستمان کردەوە بە شەڕ.”

“بەڵام لە دوای کارەساتێک سەرتاپای ژیانم گۆڕا، مردنی ئازیزەکەم، برا بچووکەکەم، لە ساڵی 1991 لە کاتی ڕاپەڕینەکەی سلێمانی لای ئەمنەسوورەکە… لە ئێستادا تەنیا خۆم سەرقاڵ کردووە بە بەخێوکردنی ئاژەڵەوە، خۆشەویستییەکی زۆر زۆرم بۆ ئاژەڵ هەیە، هەست بە ئارامی ئەکەم کاتێ ئەیانبینم.”