Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - East 04

May 31, 2020

“خوێندنی زانکۆم لە بەشی ئەندازیاریی کارەبا تەواو کردبوو و وەک زۆربەی هاوڕێکانم ماوەیەک بە تەمای ‌ئەوە بووم لە شوێنێکی حکومی دابمەزرێم، کەچی سەری نەگرت. چەند ساڵێک لە ماڵەوە بووم و ژیانی رۆژانە و کاری بێکۆتایی ماڵەوە وەڕەزی کردبووم و خەمۆکی گیانمی تەنی بوو. وەک بووکەشووشەیەک، سەروخوار بە دوای هاوسەرەکەمەوە بووم و بۆ کوێ بڕۆشتایه دوای دەکەوتم. لە خۆم دەپرسی من کێم؟ ⠀ ماوەیەک لە ئینستاگرام پەیجە دروومانەکانم فۆڵۆو دەکرد و بەو شێوازانە قوماشێکی ئاساییم ئەهێنا و بە دەست لێم ئەدووری. بە ڕێکەوت ڕێم کەوتە پۆلێکی فێرکاریی دروومان و بڕیارم دا بە شێوازێکی جددیتر دروومان فێر ببم. لەو ساتەوە دنیای من بوو بە مەکینەی دروومان و قوماش و جۆرەها شێوازی دوورین. هیچ بێتاقەتی و خەمۆکییەکم نەما. هاوسەرەکەم زۆر بەمە خۆشحاڵ بوو. ئێستا سێ ساڵ لەو ڕۆژانە تێپەڕ دەبێ و دروومان هەر خوشەویستی منە و لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەم ئەزموونی خۆم لە گەڵ خەڵکدا دەگۆڕمەوە.”