Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

22/1/2025

مام تۆفیق، خاوەن پێداویستیی تایبەتە. تەمەنی ٨٤ ساڵە. نزیکەی ٥۰ ساڵە لە شارۆچکەی (حەسەنئاوا)ی سنە، سەرقاڵی چاککردنەوەی چرای نەوت و سەماوەر و پڵیتەدانی زۆپایە. وەک وەستایەکی کارامە و دەستڕەنگین دەرکەوتووە و تا ئێستا لەسەر پیشەکەی بەردەوامە. لە پاڵ کاری چراسازی، وەک پزیشکێکی میللیش کار بۆ ئەو کەسانە دەکات کە ناوکیان کەوتووە و ناوکیان بۆ دەگرێتەوە. گەرچی مام تۆفیق نابیستە، بەڵام بە زمانی ئاماژە لە دواکاری کڕیار و چارەخوازەکان تێدەگات و پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا دروست کردووە. ...

27/11/2024

خەڵکی بە مام دەروێش بانگم دەکەن، بەڵام ناوم عەففان حەمەیوسفە. لە شارۆچکەی بیارە لە دایک بووم و هەر لەوێش ٦٨ ساڵی تەمەنم بەڕێ کردووە.سنووری دەستکرد، وڵاتەکەی من و گوندەکەمی کردووە بە دوو بەشەوە. چایخانەکەم لە نێوان ئەو دوو سنوورەدا دروستکردووە. لە سنووری چایخانەکەمدا سنوور نییە، بە بێ جیاوازی چا و شیری گەرم پێشکەش بە میوانەکانم دەکەم. ئەم چایخانە بچووکە، بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و لە هەموو جێگەیەکەوە خەڵکی سەردانم دەکەن. ئەم شوێنەی کە چای تێدا لێ دەنێم، کەوتووەتە سنووری عێراق و ئەو شوێنەشی کە میوانەکانم لێی دادەنیشن، سنوری ئێرانە، بەڵام بەلای منەوە هەر کوردستانە. ...

6/11/2024

وەک هەر ژنێکی تری ئەم کۆمەڵگەیە لە ژیانمدا هیچکات حەزم نەکردووە لە ماڵەوە کاربکەم و کارم تەنها یارمەتیدانی خێزان و خواردن دروستکردن بێت. من ویستوومە دەستی خۆم لە گیرفانی خۆمدا بێت، ڕام وایە ژنێک دەتوانێت ماڵێکی گەرم و ڕازاوەی هەبێت و خاوەنی کاری خۆی بێت. بەڵام ئەمە بۆ من قورسە کە لە شارێکی بچووکی وەک مەریواندا بژی. ناوم نگین فەتاحیە، پێشتر دووکانێکی بچووکی جوانکاریم هەبوو، بەڵام وازم لەو کارە هێنا و ئێستا شوێنێکم بۆ شۆردنی ئۆتۆمبێلەکان داناوە و بە هۆیەوە خەڵکانێکی زۆر ڕۆژانە سەردانم دەکەن، تەنانەت لە بەر زۆری کارەکە چەند کەسێکی تریشم دامەزراندووە . ...

30/10/2024

ئەم لاقە دەستکردەی لە نەخۆشخانە بۆیان دروستکردم ئازاری دەدام، بۆیە چەند جارێک گۆڕیم، تا ئەو کاتەی لاقێکی دەستکردم لە درەختی بی بۆ خۆم دروستکرد، ئیتر نازناوی حوسێن دارتاشم وەرگرت. عاشقی سرووشت و کێوەکانی کوردستانم. ڕۆژێکیان لە سەر سنوری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شوێن گیا بەهارییدا دەگەڕام، لە ناکاو مینێکی بەجێماوی جەنگی ئێران و عێراق بە لاقمدا تەقییەوە و بە هۆیەوە لاقێکم لەدەستدا. بەڵام ئەو کاتەی فێری کاری دارتاشی بووم و کۆچم بۆ شاری مەریوان کرد هیوایەک لەدڵمدا دروستبوو کە لاقێکی دارین بۆ خۆم دروست بکەم. لە ماوەی بیست ساڵی کارکردنمدا، چەندین لاقی دەستکردم بۆ مرۆڤەکانی تر دروستکردووە کە بۆ هەستانەوە لە سەختییەکانی ژیان پێویستیان بووە. هەمیشە دەردەکانی دڵم بە ژەنینی شمشاڵەکەم دەردەکرد کە ئەمیشم لە چڵی درەختێکی چیاکانی کوردستان دروستکردووە. ...

15/10/2024

ئەم نەورۆزە، تەمەنم دەبێت بە شەست ساڵ و ئیتر بۆ هەمیشە واز لەم پیشەیە دەهێنم. ڕەنگە من دوایین کوردی کوردستان بم کە هێشتا هونەری چەلەنگەری (دروستکردنی کەرەستەی وەک؛ کلیل، قفڵ، سەبەتە، چەقۆ و زنجیر) بکات. ئەم بیست ساڵە، سەرقاڵی ئەم هونەرە بووم، وەک ژیان لێم ڕوانیوە و ڕۆژە گرنگەکانی ژیانی هونەریم بووە .هەموو شتێک لەو ڕۆژانەوە دەستی پێ کرد کاتێک ناو ژورەکەم پڕ کردبوو لە کارە هونەریەکانم، بەتایبەت ئەوانەی بە مقەبا و کارتۆن دروستم کردبوون، کارەکان بە جۆرێک بوون هەر کەسێک دەهاتە ماڵمان دەیوت: با بچینە ژوورەکەی بێهزاد. یەکەم کارم لە شاری سنە بوو، ئەم ساڵانەی دواتریش هەر لە سنە کارم کردووە و تەواوی ژیانم بۆ ئەم هونەرە داناوە. کارەکەم هێندە هونەرێکی گەورەیە تا کۆتای ژیان دەتوانم تێیدا بەردەوام بم، بەڵام بە داخم چونکە ڕەنگە لەبەر ژیان ڕۆژێک واز لە ژوورەکەم و هونەرەکەشم بهێنم. ...

May 22, 2023

" ٦٥ ساڵ تەمەنمە و خەڵکی ئاوایی دێوەزناوی سەربە ناوچەی سەوڵاوام. لە مناڵییەوە کارم ئەم توڵچنینەس، بەهۆی ئەوەی لای رۆخانەی سیروان ئەیژین و دار و چۆکلی ئەرخەوان لێرە زۆرە، بۆ زۆرینەی ئێمە ئەم کارە لە هەزار کارمەندی باشتر و بەسوودترە. تەواوی خەڵکی دێوەزناو خەریکی ئەم ئیشەن، ژن و مناڵمان دەیزانن و گوندەکەمان بەمە ناسراوە. تەواوی ئەو ئیشە دەستییانەی لە هەورامان دەیبینن هی گوندی ئێمەیە، بە خاوەر و سەیارەی گەورە هەمووجار دێن و هەموو کارەکانی گوند کۆدەکەنەوە. کە مناڵ بووین بابمان ئەمانەیان ئەبردە شارانی تر و لەگەڵ گەنم و شتانی دیکە دەیانگۆڕییەوە. جارێک بابم باسی ئەوەی ئەکرد کە بردوویەتییە هەمەدان و ئەو خەڵکە چەن بۆیان سەیر بوو کە ئێمە بە دار ئەمانەمان ساز کردووە، وتوویانە کە ئەم هونەرە وەکو فڕۆکە سازکردن سەیرە." ...

April 4, 2023

"١٠ ساڵ پێش ئێستا هاوسەرەکەم چوو ژنی هێنا و منی بەجێهێشت. خۆم و کوڕەکەم تووشی شێرپەنجە بووین، کوڕەکەم مرد بەڵام من مام. حەوت ساڵە بۆ ئەوەی دەست بۆ خەڵک رانەکێشم، خەریکی کاری سێوی مێخەکڕێژم و لە مەیان ئیقباڵی سنە دەسفرۆشی دەکەم. زۆربەی خەڵکی سنە دەمناسن و لە کارەکانم دەکڕن و دەیبەنە ئوروپا. زستان لەبەر سەرما زۆر عەزیەت دەخۆم و هاوینیش لەبەر گەرما، بەڵام خۆشحاڵم چون چەند ژنی دیکەش بەهۆی منەوە کار دەکەن و دەستکردەکانیان بۆ دەفرۆشم." ...

March 12, 2023

"عوسمان کێمنەیی یان عوسمان هەورامیم پێدەڵێن، ساڵی ١٩٣٦ لە ئاوایی کێمنە لەدایکبووم. تەواوی بنەماڵە و تیر و تایفەم دەنگخۆشبوون و گۆرانیان دەگووت. من لە بەشی هەورامانی لهۆنم بەڵام وەکو شوناسنامەی گۆرانی هەورامی و سیاچەمانەی هەورامان لێم ناو ئەبرێت. لەمنداڵییەوە حەزم بە گۆرانیوتن بووە بەڵام ساڵی ١٩٦٤ دوای بڵاوکردنەوەی یەکەم گۆرانیم لەڕادیۆی کرماشان ناسرام. ناتوانم بڵێم چەن گۆرانیم وتووە چونکە کەس نەبوو کۆی بکاتەوە و خۆشم هیچ سەوادم نییە و خوێندن و نووسین نازانم. لە ساڵانی ١٩٥٦ی میلادی کە زەبت هاتە مەنتەقەکەمان و نەواریان تومار دەکرد، ئەگەر رۆژێک حەوت سەعات گۆرانیم وتبێت خودا دەزانێت ئەکاتە چەن گۆرانی. بەڵام ساڵی ١٩٩٢ دەرمانخوارد کرام و بەداخەوە دوای ئەوە ئیتر نەمتوانی گۆرانی بڵێمەوە" ...

March 2, 2023

"وەختێ لە تارانەوە گەڕامەوە بۆ هەورامان بە دوای گۆڕانکاری بووم لە بواری کارە دەستییەکان. سەرەتا پێشوازیم لێنەکرا و دژبە من وەستان، بە یەکەم کارەکانم کە وەکو پێشانگایەک لە گوند دامنا پێیاندەگوتم من بەم کاری دارتاشینە خەریکی بت دروستکردنم و بتپەرەستی ڕەواج ئەدەم. ئەوکاتە بەنداو دروستدەکرا و خەریکبوون هەموو جێگەیەکیان هەڵدەتەکاند، دەستمکرد بە جەمکردنەوەی دارەکان بە بن و ریشەوە و کارم لەسەر دەکردن. وردە وردە کارەکانم لە نێو مەردم داکەوت و حەزیان لێکرد، ئێستە خەڵک خۆیان دارێک دەبینن دەینێرن بۆم و ئەڵێن کە بۆ کارەکانم بە کاری ببەم." ...

February 14, 2023

"١٤ ساڵە دەف لێئەدەم، لەوکاتەوەی چووم بۆ زانکۆ لە شاری یەزد، هەستمکرد دەف لە خوێنمایە و لەوێ چوومە لای مامۆستا، دەیانزانی کە کوردم رێزێکی زۆریان لێمدەگرت. لەوێ لەگەڵ گرووپێکی موسیقا ئاشنابووم و شەوانە ئەچووینە داوێنی کەژ و کێو مۆسیقامان لێئەدا و چەن کەسێکیش بوون گۆرانیان دەخوێند. لە تەک گرووپێکی شانۆش هاوکاریمکرد و چەن رۆژێک لەو شارە شانۆمان بوو. لەو ماوەی دەف لێئەدەم لەتەک زۆر ساز و لەشوێنە جیاوازەکان وەک مزگەوت، خانەقا و شارە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان و شارەکانی ئێران دەفم لێداوە. کارم بۆ گۆرانیوێژە کورد، فارس و تورکەکان کردووە و چەنجار لە رێوڕەسمی پیرشالیار بەشداریمکردە.بەڕای من موسیقا جۆرێکه بۆ هەموو هەستیک ئەوێت، چ رۆژهایێک بنیام نارەحەته، چ رۆژهایێک که خۆشیت هەیه و چ کاتێک که بیری خوا دەکەیت، موسیقا رێیەکە بۆ گەشتن به دونیایێکی تر." ...

january 26, 2023

“ناوم فریشتە حسێنییە و خەڵکی ئاوایی مەیوانی سەربە شاری پاوەم. نزیک بە ٢٠ ساڵە خەریکی کڵاشچنینم. لە تەواوی هەورامان کڵاش سپییە و چونکە بەو شێوازە موشتەریمان کەم بوو، هاتم بە شێوازێکی تازە دەستمکرد بە چنینی کڵاشی رەنگاوڕەنگ. گوندەکەمان شوێنێک بوو کە گەشتیاری زۆر بۆ دەهات، یەکەمجار بە یەک کڵاشی ڕەنگی دەستمپێکرد کە زۆر گەشتیاران زۆر حەزیان لێبوو. پێشتر فەقەت پیاوان کڵاشیان بەکارئەهێنا بەڵام بەم شێواز نوێیە ژنان زیاتر لە پیاوان بەکاریئەهێنن .سەرەتا ٣٥ کەس لە گوند خەریکی کڵاشچنین بوون بەڵام ئێستا لە هەموو ماڵەکانی مەیوان ژنان و کچان خەریکن بە گوندی کڵاش لە ئێران سەبت کراوە.” ...

January 15, 2023

"ناوم حەبیبەیە و خەڵکی گوندی پاڵەنانی سەر بە ناوچەی کامیارانم. تەمەنم ٥٣ ساڵە و لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە مێردم کردووە. مێردەکەم چوار خۆیشک و برایەکی کەمئەندامی بوو کە لەگەڵیان دەژیام و هەموویانم دانە دانە گەورەکرد. زۆر منداڵبووم کە بابم بەهۆی لافاو لە گوندەکە ئاو بردی و هیچکات جەستەیان پەیدانەکرد. دایکم فێری نانکردنی کردم، ئەوەندە بۆی گرنگبوو هەمووکات دەیگووت دۆڵی نانتان با هەمیشە پڕ نان بێت، کە میوانتان هات نان لە چێشتەکە گرنگترە. هەر لەبەرئەوە منیش تەواوی کچەکانی خۆم و بنەماڵەی خەزوورانم فێرکرد". ...