Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 29

April 25, 2020

“نەمتوانی زانکۆ تەواو بکەم لەبەر ئەوەی ئەو بەشەی خۆم حەزم لێی بوو وەرنەگیرام، ناوم لەوێ نەهاتەوە، خۆم حەزم لە ئینگلیزی و عەرەبی بوو، هەرەوەها زانکۆ پێویستی بە پارە بوو، حەزم نەکرد ئەو زەختە بخەمە سەر ماڵەوە. لە کۆلێژێکی بەغدا ناوم هاتبووەوە، 2 ساڵی سەرەتا لەوێ خوێندم و پاشان بڕیارم دا وازی لێ بێنم و بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی. هەر ئەو ساڵە پەیمانگەی مامۆستایان کرایەوە، من یەکەم وەجبە بووم کە وەرگیرام. ئەو کاتە لە ئیسکان بوو، 2 ساڵی پەیمانگەم تەواو کرد و بە مامۆستایی دامەزرام لە زڕگوێز. ئەو چەند ساڵەی لەوێ مامۆستا بووم زۆر خۆش بوو، هەموو شتێکمان هەبوو، 10 ڕۆژی سەرەتا هەر ڕۆژەی لە ماڵی یەکێک لە گوندنشینەکان دەعوەت بووین، خەڵکی گوندەکە زۆر زۆر باش بوون لەگەڵمان، ئیستاش بیری ئەو ماستە دەکەم کە بۆیان دەهێناین؛ دەتوانم بڵێم لە گۆشت خۆشتر بوو لەلام.”