Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 32

April 27, 2020

“کاتێک چوومە پەیمانگا، یەکەم ساڵ حەزم لە ڕاگەیاندن نەبوو، باوکم حەزی ئەکرد خوێندن تەواو بکەم، دواتر لە شوێنێکی حکومیدا دابمەزرێم. سەرەتا ناوم لە ئایتی هاتەوە، بەس حەزم لێی نەبوو، چونکە پێم وا بوو زۆر قورسە، دواتر چوومە میدیاوە. سەرەتا باوکم ئەیوت مەیکە و حەزیشی لێی نەبوو، بەردەوام ئەیوت هەوڵت بۆ ئەیەم لە شوێنیتر دەوام بکەیت، بەڵام من حەزم لێی بوو و ئەموت هەر ئەمەوێت لەوێ بم. دوای ئەوەی چەند ئیشێکم کرد و بۆ یەکەم جار ئیشەکانی خۆمم لە تەلەڤیزیۆن بینینەوە، باوکم لە تەنیشتمەوە وەستابوو و سەیری ئیشەکەی ئەکرد وەکو خۆم، ئەیوت ‘ئەوە تۆی؟! بڕوا ناکەم ئەمە تۆبی، ئاوا بە موسەیتری قسە بکەیت و ئیش بکەیت و شت بڵێیت’، دوایی کە بینیی ئەتوانم لەسەر پێی خۆم بوەستم، ئەتوانم هەر شتێک کە ئەمەوێت بیکەم و کارەکانمی بینی، ڕۆژێک کە میوانمان هات، ئیشەکانی منی پیشانی هاوڕێکانی خۆی دا و شانازی پێوە ئەکردم.”

“کچێک لە فەیسبووک پۆستی کردبوو، نوسیبووی کە پێویستی بە هاوکارییە، لە بەرامبەر ئەوەدا خەڵک خەریکە دەستدرێژیی سێکسیم ئەکەنە سەر و تووشی کاری خراپ ئەبم، منیش پەیوەندیم پێوە کرد و ڕاپۆرتێکم دەربارەی ئەو بابەتە بڵاو کردەوە. لە دوای بڵاوبوونەوەی، ڕۆژی دواتر کە هەستام ئەوەنە تەلەفونم بۆ ئەهات فریا نەدەکەوتم وەڵام بدەمەوە. یەک یەک پەیوەندیم پێوە کردنەوە بۆ ئەوەی بزانم بۆچی ئەم کەسانە پەیوەندییان کردووە بەم ژمارە تەلەفۆنە؛ هەمووی داوای ئەوەی ئەکرد کە چۆن هاوکاری بگەیەنێتە ئەو خێزانە، ئەوە بۆ من شتێکی زۆر زۆر خۆش بوو، ئەوە یەکێکە لەو ئیشانەی شانازی پێوە ئەکەم و هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو.”