Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 37

May 1, 2020

“دەمێک بوو پشوویەکی باشم نەدابوو، بەڵام ئەم ماوەیە بە هۆی کەرەنتینەوە توانیم ئەو پشووە بەخۆم بدەم، لەگەڵ ئەوەشدا هەستێکی ناخۆشم هەبوو… ئاسایی نەبوو لام کە بۆ ماوەیەکی ئاوا بەردەوام لە ماڵەوە بم، هەمیشە پشوووەرگرتن گرنگ بووە لەلام، زۆر جار بۆنەیەک یاخود جەژنێکە، ئەتوانم پشوو وەرگرم، بەڵام کاتەکانی تر ناتوانی، لەبەر ئەوەی کاتێک دوکانێکی خۆتت ئەبێت خەڵک بەردەوام داواکارییان ئەبێت، ناتوانی ئیش نەکەیت و بە دڵی خۆت دوکان بکەیتەوە. بۆ کارماندێک ئاساییە کە پشوو وەربگرێت لە شوێنی کارەکەی، بەڵام کە ئەبیت بە خاوەنکار، ئەبێت بە دڵی خەڵک بکەیت.”

“هیچ کاتێک خەیاڵم بۆ ئەوە نەڕۆشتووە کە ببم بە خاوەنی ئیشی خۆم، بە تایبەت ئەم ئیشەی ئێستام، لەبەر ئەوەی کاتێک خوێندکاری بایۆلۆجی بووم بەردەوام حەزم دەکرد تاقیگەیەکی خۆمم هەبێت لەو مەجالەدا و ناوێکی هەبێت خەڵک بمناسێت، لە ئێستادا ناوەکەم دەست کەوت و شوێنەکشم هەیە، خەڵکیش ئەمناسێت… بەڵام لە ڕێگەی شیرینییەوە. کاتێکیش ئەم ئیشەم هەڵبژارد سەرەتا وتم دوکانیک دادەنێم تایبەت بێت بە دروستکردنی کێک، بەڵام هەستم کرد ئەم مەجالە خەڵک زۆر ئیشی تێدا دەکات، پێم باش بوو ئیشێک بکەم ڕکابەر کەم بێت و نەکرابێت، بۆیە دۆنەتم هەڵبژارد. سەرەتا هەستم ئەکرد نابێت یەک شت دروست بکەم، بەڵام وا نییە، ئەتوانیت هەموو تواناکانت لە یەک مەجالدا کۆ بکەیتەوە، بەم جۆرە زیاتر سەرکەوتوو دەبیت.”