Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 39

May 2, 2020

“لە سەردەمی گەنجیەتیی ئیمەدا زۆربەمان فیرار بووین، لە ساڵی 1980 ڕامکردە دەرەوەی شار، دوای 3 ساڵ لێبووردن دەرکرا و گەڕامەوە ناو شار، ژیانی ئاسایی خۆم دەست پێکردەوە. ڕۆژێکیان قەسفەکەی ئێران دەستی پێکرد، بڕیارم دا خۆم و خێزانەکەم ببەمە دەرەوە، بەرەو گێلەرە بەڕێ کەوتین. ئەو ڕۆژەی ئێمە گەشتینە لادێکە، پێنجشەممە بوو، بۆ ڕۆژی دواتر خەڵکی لادێکە 70 سەرحەیوانیان سەربڕیبوو بۆ خێر، شەوی پێشتر کۆمەڵێ پێشمەرگە لەو ناوچەیە چالاکییەکیان ئەنجام دابوو، بۆسەیەکیان داناب و بۆ کاروانێکی بەعس، کۆمەڵی سەیارەیان سوتاند و 2 زابت و کۆمەڵێ جوندییان گرتبوو. ئەو ڕۆژەش کە خەریکی دابەشکردنی گۆشتەکە بوون، جێبێکی قیادە هات، ئامرفەوجێکی تێدابوو لەگەڵ کۆمەڵی سەربازی تر، بینیان ئەو هەموو گۆشتە دانراوە وتیان ئەوە خەریکی چین؟ ئێمەش وتمان گۆشتە ئەیکەین بەخێر بۆ ئەوەی لە بەڵا بەدوور بین، ئەوانیش وتیان خوا بەڵاکەی بۆ ناردوون، کۆمەڵێ پێشمەرگە لێرەیە و پێویستە هەر ئیستا دێیەکە چۆڵ بکەن، بە ناچاری هەموومان دێیەکەمان چۆڵ کرد و چووین بۆ بەرزنجە.”