Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 69

June 8, 2020

“دەرچووی پەیمانگەی تەکنەلۆجی بەغدام، بەشی کارەبا. کاتێک دامەزرام ناوم لە هەولێر هاتەوە بەڵام خۆم نەقڵ کرد بۆ سلێمانی و بۆ ماوەی 2 ساڵ دەوامم کرد. ڕۆژێکیان دوای دەوام چووم بۆ لای مزگەوتی گەورەی سلێمانی، ئەو کاتە شەڕی ئێران و عێراق بوو، جەیشی شەعبییان ئەگرت، نەمزانی، منیان گرت وتیان ‘چی ئەکەی؟’ پێم وتن من فەرمانبەرم، ئەوەتا ناسنامەکەشم، وتیان ‘سەرکەوە!’ پاسێکی دوودەرگاییان وەستاندبوو، لە دەرگای پێشەوە سەرکەوتم، لە دەرگاکەی دواوە دابەزیم و ڕامکرد بێ ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە دواوە. تا دوو ڕۆژ نەموێرا تەنانەت بچمە ماڵیشەوە، نەمدەزانی چی بکەم، چووم تەکسییەکم کڕی و تا ساڵی 1990 لە دوای ئەوە هاتمە ئەم بازاڕە و دەستم کرد بە ئیشێکی تر: چاککردنەوەی جیهازی کارەبایی. لەبەر ئەوەی خۆم بەشی کارەبام تەواو کردبوو حەزم لەم ئیشە بوو، وا ئەبێ بە 21 ساڵ هەر خەریکی ئەم ئیشەم.”