Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 72

June 14, 2020

“17 ساڵە دەستم کردووە بە کاری دروومان. سەرەتا لە بەردەستی پورزایەکمدا فێری ئەم کارە بووم، جلم بۆ ناسیاوەکانم دەدرووی. مەکسیم دەدرووی لە بری قۆل بنێم بە شانەوە، دەمدا لە ملی. هەر بەردەوام بووم، هەتا گەشتم بە ئێستا. جارێک ژنێکی بەتەمەن چاکەتێکی شلیلەی بۆهێنام، شانەکەی شۆڕ بوو، قۆڵەکانم لێ کردەوە و چاکم کرد، لەو کاتەدا ئیشێکم بۆ دروست بوو و دەستم لێ هەڵگرت، دواتر گەڕامەوە قۆڵێکیانم نەدۆزیەوە… منیش هەر کارەکەم دوادەخست بۆ ئەوەی قۆڵەکە بدۆزمەوە، ئەوەبوو نەمدۆزیەوە، چوومە بازاڕیش لەو چاکەتەم دەستم نەکەوت. دواتر بە ناچاری پێم وتن. وتیان، ‘جا ئەوە چییە. قەزاوبەڵای خۆتی بردبێت’. لەو کاتەوە مێردەکەی هەر کات دەمبینێت، دەڵێت: ‘چۆنی قۆڵبڕ؟’ لە کارەکانمدا کوڕ و کچ و مێردەکەم هاوکارمن، هەم لە بڕین هەم لە نقێملێدان و نەخش و زۆر شتی تر. ئەم دوکانەم بووەتە هۆکار بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەم، بۆیە کارەکەمم خۆش دەوێت و تێیدا ماندوو نابم.”