Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 74

June 16, 2020

“لە منداڵییەوە لە بەردەستی باوکمدا فێری کاری تەنەکەچیەتی بووم، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خولیای هونەر بووم، لە چالاکیی هونەریی قوتابخانەکان بەشداریم دەکرد، ئارەزووی وێنەکێشان و کاری دەستڕەنگینیم هەبوو، بەڵام من بە هۆی کار و بژێوی ژیانەوە نەمتوانی بەردەوام بم. لە کاتێکدا ویستم بڕۆمە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان ماڵەوەمان ڕێگربوون دەیانوت: ‘تۆ دەبێت هەر بخوێنیت و شتێکی باش وەرت بگرێت’. چەندین کاری شانۆییم کردووە و یەکێک بووم لەوانەی کە ڕۆڵێکی جوانم دەگێرا لەگەڵ هاوڕێکانمدا، گرووپێکی شانۆییشمان دامەزراندووە، بەڵام ئێمە تەنها دەستخۆشی و چەپڵەمان بۆ دەهات کە ئەوەش ناتگەیەنێت بە هیچ. ئێمە لە هەندێک کاردا لە گیرفانی خۆمان پێداویستیی شانۆییەکانمان دابین دەکرد. ئێستا من وازم لە کاری شانۆیی هێناوە و کاری خۆمم هەیە: کافتریایەکم داناوە و لە ڕێی ئەوەوە دەتوانم داهاتێکم دەست بکەوێت و ژیانی خۆمی پێ بەڕێ بکەم، ئەمەش واتای ئەوە نییە هونەر لە مندا مردبێت، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم ڕۆژێک بگەڕێمەوە سەر تەختەی شانۆ.”