Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 77

June 22, 2020

“دنیا بە لایەک و دایکم بە لایەکی تر؛ نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە، چاکبوونی ئەو بۆ من هەموو شتێکە، گوێ نادەم بە هیچ شتێکی تری ئەم دنیایە، لە زۆر لایەنەوە شکستم هێنا بەڵام بۆ من هیچ مانایەکیان نییە. ئەو ڕۆژە دایکم لە مردنێک گەڕایەوە – لە نەخۆشخانە پێیان وتم دایکت دۆخی هیچ باش نییە، دکتۆر ئیزنی داوین. چووم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام نەیانکردمە ژوورەوە، لەگەڵ پۆلیسی بەردەم دەرگاکە زۆر هەوڵم دا، بێ سوود بوو. کار گەیشتە ئەوەی بەسەر دیواری نەخۆشخانەکە خۆم ئاودیو کرد، بەڵام پێیانزانی. پۆلیسێک ویستی بمگرێت، پۆلیسەکەم دا بە ئەرزا و بەردەوام بووم لە ڕاکردن بۆ ناو نەخۆشخانەکە و خۆم کرد بە ڕاڕەوەکەدا… چەند پۆلیسێک هەر بە دوامەوە بوون. گەیشتمە ژوورەکەی دایکم، بینیم ڕەنگی پێوە نەمابوو، چاوی داخرابوو. لەو کاتەدا پۆلیسەکان گەیشتنە ژوورەکە و کە دۆخەکەیان بینی، هەموویان بێدەنگ بوون و هێواش هێواش لە ژوورەکە چوونە دەرەوە… زانیم دایکم لە ژیاندا نەماوە، ئەبوو خزم و کەسوکار ئاگادار بکەمەوە، بەڵام لەو کاتەدا نازانم چی ڕووی دا، دایکم ژیانی بۆ گەڕایەوە؛ هاواری کرد و بانگی منی کرد. نازانم ئەو هەستەت چۆن پێ بڵێم. یەكێک لە پۆلیسەکان لە دەرەوە دەستی کرد بە گریان.”