Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 78

June 24, 2020

“لە ساڵی 1991 لەگەڵ خێزانەکەمدا گەڕاوینەتەوە پێنجوێن، بەشێک لە خەڵکی باشووری کوردستان ساڵانی نەوەدەکان بۆ بژێوی ژیانیان ڕوویان دەکردە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، منیش وەک ئەو خەڵکە لە تەمەنێکی منداڵیدا ڕووم کردە وڵاتی ئێران، لە کورەی خشتبڕین، فەڕشچنین، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کارم کردووە. یەکێک لەو کارانەی حەزم لێ کردووە ئاژەڵداری بووە، چونکە تۆ خزمەتی بێ زمانێک دەکەیت و ئەویش لە بەرامبەردا خزمەتی تۆ دەکات. لەوەتەی من هەم بەردەوام کارم کردووە، ئێستا بوومەتە وەستای گەچکاری. منیش وەک کرێکار و وەستاکانی تر، ئەگەر ڕۆژێک کار نەکەم لە لایەنی داراییەوە پێمەوە دیارە، ئەگەر چاوم لەسەر لایەنی داراییەکەشی نەبێت، من هەر بە کارکردن ئاسوودە دەبم و حەزم لە کارکردنە.”