Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 85

July 17, 2020

“ئامانجەکانم زۆرن، بەڵام زۆربەی ئامانجەکانم پێویستی بەوەیە لە پێگەیەکی دیاریکراودابم بۆئەوەی بتوانم یارمەتی کەسانی دیکە بدەم و گۆڕانکارییەک دروستبکەم لە بواری ڕۆڵی ژنان لە کوردستان، بەڵام ژیان لە دهۆک لە زۆر ڕووەوە دەمبەستێتەوە، لەوانە، کلتور و ژینگەی داخراوی شارەکە. شارەکانی دیکەی وەک سلێمانی و هەولێر کراوەترن بۆ ئەو بابەتانە و ژن لەوێ ئازادترە لە هەڵبژاردنی ئەو شتانەی دەیەوێت بیانکات. منیش لە منداڵیدا وەکو هەر کچێکی دیکە زەختی خێزانم زۆر لەسەر بوو و زۆر ڕێگرم بوون. بۆ ئەوەی هاوکاربین لە چارەسەری ئەم کێشەیە، پێویستە دەسبەکاربین بۆ بڵاوکردنەوەی پەروەردە و پیشاندانی گرنگی بەدیهێنانی خەونەکانی نەوەکانمان بۆ کۆمەڵگا و بە تایبەتی بۆ دایکان و باوکانی منداڵان. بە تایبەتیش لەو بابەتانەی پەیوەندی بە پرسی ژنانەوە هەیە.”

“تەمەنم ٢٠ساڵبوو، کاتێک دەستم بە کارکردن کرد لەگەڵ ئەو کچە ئێزیدییانەی لە دەستی داعش هەڵهاتبوون. سەرەتا کە گوێبیستی چیرۆکەکانیان دەبووم زۆر قورس بوو لەلام، نەمدەتوانی باوەڕبکەم کە مرۆڤانێک هەن دەتوانن تا ئەو ڕادەیە ئازاری کەسانی دیکە بدەن. خۆم شایەتی ئەو حاڵەتانە بووم کە بەبەرچاوی خۆمەوە دەمبینی منداڵێک لە دایکی جیادەکرایەوە تەنها لەبەر ئەوەی ئەم منداڵە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی لەدایک بووە. کارێکی قورسە کە هەوڵبدەیت باوەڕ بە کەسانێک بهێنیت دوای ئەو هەموو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە کە شتەکان باشدەبن و ئاسایی دەبنەوە. لەدوای ئەزموونی خۆم، ئامانجم ئەوەیە زۆرترین ژن بهێنمە ناو ئەم پڕۆژەیەی بەڕێوەیدەبەم و یارمەتیان بدەم بۆ دروستکردنی متمانە بەخۆبوونیان و پیشانیان بدەم کە ئەوانیش چەندە بەتوانان.”