Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - North 05

August 2, 2020

“من شوانی ئەم گوندەم، ئەوەی لە توانامدابێت دەیکەم. لە سەرەتای وەرزی بەهاردا لەقلەقەکان کۆچدەکەن بۆ گوندەکەی ئێمە و هێلانەکانیان لێرە دروستدەکەن وهەتا کۆتایی وەرزی هاوین دەمێننەوە. لەقلەقەکان لە شوێنی بەرزدا هێلانەکانیان دروستدەکەن، بۆیە پەنادەبەنە بەر بورجی کارەباکان، بەڵام ئەو بورجانە مەترسیدارن. وا بۆ بیستوسێ ساڵ دەچێت کە من سەرقاڵی دروستکردنی کەڵەکم، سەرەتا کە چەند کەڵەکە بەردێکم دروستکرد، دیم چەند لەقلەقێک هێلانەیان لەسەری دروست کردبوو، بۆیە لەوکاتەوە بەردەوام ئەو کەڵەکانەیان بۆ دروستدەکەم. هەتاکو ئێستا زیاتر لە بیست کەڵەکە بەردم لە هەرچوار دیوی گوندەکەمان دروستکردووە، دوای ئەوەی ئەم کەڵەکانەم دروستکرد، ژمارەی لەقلەقەکان زیادیانکرد، هەموو ساڵێک ژمارەیان زیاتر دەبێت کە دێنەوە گوندەکە. منداڵەکانی خۆمم فێرکردووە کە چۆن کەڵەکی بەرد دروست بکەن، چونکە دەمەوێت دوای خۆم ئەوان درێژە بەم کارە بدەن”.