Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 92

August 3, 2020

“دەرچووی بەشی جوگرافیام، ماوەی شەش ساڵە خوێندنم تەواو کردووە. چوار ساڵە مامۆستای وانەبێژم لە گوندەکانی سنوری پێنجوێن. بەهۆی خراپی ڕێگەوبانەکانەوە زۆرێک لە گوندەکانی ئێمە بۆ هاتوچۆکردنی بەردەوام نابێت بۆیە بە ناچاری لە گوندەکان دەمێنمەوە. ڕاستە ئەو گوندانە دوورەدەستن و بێبەشن لە هەندێک لە خزمەتگوزاریەکان و خۆشم دوورم لە خێزانەکەم، بەڵام کاتێک خەڵکی گوندەکان بەڕێزەوە مامەڵەم لەگەڵ دەکەن و وەک کەسێکی خۆیان دەمبینن ئیتر هەست بە دوری خێزانەکەم ناکەم، زۆربەی شەوەکان میوانمان دێت یان ئێمە دەچین بۆ میوانی. کاتەکان لە گوند زۆر خۆش تێدەپەڕێت، ژیان سادە و دوور لە جەنجاڵیە، زۆربەی ڕۆژەکان دەڕۆمەدەر بۆسەر چیاکان و دووردەکەومەوە لە ماڵ و ئەو دەرفەتەی کە هەمە لە گوند لەدەستی نادەم و چێژ لەو جوانی و ئارامییە وەردەگرم”.

“هەمووان دەڵێن کە بەشەکەم بەشێکی خراپەو دامەزراندنی نیە، بەڵام من هەمیشە دەڵێم کەمن ئەو کەسانەی کە ئەو بەشەیان خوێندووە کە خۆیان ئارەزوویان کردووە، بۆیە دڵخۆشم کە دەرچووی ئەو بەشەم و دڵخۆشترم کە مامۆستام، هەرچەندە دانەمەزراوم و وانەبێژم. کاتێک کە بیر دەکەمەوە قوتابیەکانم خۆشیان دەوێم، ڕێزم دەگرن و چاوەڕێی منن تا شتێکی نوێ فێرببن ئەوە بەتەواوەتی دڵخۆشم دەکات. لەگەڵ پەروەردە و فێرکردنی قوتابییەکاندا هەمیشە پێیان دەڵێم با ئەوەی لێتان زیادە خۆشەویستی بێت و بە خۆشەویستیەوە لە هەموو شتێک بڕوانن”.