Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - East 23

August 5, 2020

“ساڵی 1976 ژنم هێنا. پێنج ڕۆژ و پێنج شەو شاییمان گێڕا. دەتوت دەرودونیا هاتوونەتە سەیری شاییەکەمان. (بلچەسوور) گوندێکی سەر بە ناوچەی کۆماسی مەریوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شوێنی دەرزییەکی تێدا نەدەبۆوە. حەمە مەلای دەرزیانی گۆرانیبێژمان بوو. خەڵکی ئەو سەردەمە زۆر فەقیر بوون. پێم سەیرە ئێستا باسی گرانی دەکرێ! خەڵک دەستێک جلی هەبوو کە شایی و شیوەنی پێوە دەکرد. نەبوون بووین و نەبوونی دەستی نەدەدا تەنانەت پێڵاوێکی ڕێکوپێکیش لە پێبکەین، بەڵام دڵمان خۆشبوو و لەشمان ساغبوو. بەڵام ئەوە ئێستا پێنج ساڵە بەدەست نەخۆشی لاقمەوە دەناڵێنم و ئارامی لێ بڕیووم”.