Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - East 24

August 8, 2020

“ناوم وریایە، چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیارمدا ئەنجومەنێک بۆ پاراستنی ئاژەڵان دابمەزرێنم، هاوکات بۆم دەرکەوت کە زۆرێک خەڵک هەن ئاژەڵیان خۆشدەوێت بەڵام من تاوەکو ئێستا نەمناسیون. ئێستا خەریکی تیمارکردنی ئاژەڵانم، جۆرەها ئاژەڵ دەهێننە لام، وەک: گورگ، ڕێوی، کەمتیار، مار، ورچ و هەڵۆ. دەتوانم بە شانازیەوە بڵێم بەتەنها ئەنجومەنێکم ڕێکخستووە کە بە شێوەیەکی زانستیانە و پسپۆڕانە لە کەرتی ئاژەڵە کێویەکاندا چالاکی هەیە. لە منداڵیەوە ئاژەڵم خۆشویستووە، بیرمە کاتێک لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووم، خەرجی رۆژانەم ئەدا بە کێک و لەنزیک هێلانەی مێرووەکاندا دەموەراند، زۆر کەیفم پێدەهات کاتێک دەمبینی وردە کێکەکانیان بەرەو هێلانەکانیان ڕادەکێشا. بەهەمان شێوە، کاتێک گەورەبووم هەرکاتێک ئاژەڵێکی برسیم بدیایە لەسەر شەقام خواردنم بۆ دەبرد، هەندێک کات لەگەڵ ئاژەڵانی سەرشەقام ئەمامەوە و کاتم بەسەردەبرد، چونکە ماڵەوە ڕێگەیان نەدەدا هیچ ئاژەڵێک بەخێوبکەم”.