Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 101

August 12, 2020

“تەمەنم حەوت ساڵان بوو کاتێک لە عەربەت لەبەردەستی باوکمدا فێری بەرگدووری بووم. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٢ گەڕاینەوە پێنجوێن و لەسەر بەرگدووری بەردەوامبووین و بژێوی ژیانمان پێپەیدا دەکرد. کارەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت، سوپاس بۆخوا لە زۆربەی شارەکانەوە خەڵکی ڕووم تێدەکەن. هەندێک جار هەبووە لە هەولێریشەوە هاتوون. لەڕووی شێوازی جلوبەرگەوە، ناوچەی پێنجوێن لەگەڵ ناوچەی مەریوان و بانەدا نزیکە، بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا زۆر نزیک بۆتەوە. جیاوازییەکە زیاتر لە شەرواڵەکەدایە، گەنجەکانی رۆژهەڵات شەڕواڵەکانیان فراوانتر دەدوورن، بەڵام لێرە تەسکتر دەیدوورن. جاران ئەو کەسانەی کە دەوڵەمەند بوون جلی مورادخانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لەناو گەنجەکاندا وردە وردە خەریکە زیاددەکات و بایەخی پێدەدرێت. ئەوسا بۆئەوەی مورادخانیەکە ڕەق بوەستایە دەیانچنی، بەڵام ئێستا کاغەز بەکاردێنین. من بەپێی خواستی کەسەکە بە هەردووکیان کاردەکەم، بەڵام چنینەکە تێچووەکەی زیاترە”.

“لەچاو ساڵانی ڕابردوودا گۆرانکاری لە جلوبەرگی پیاواندا کراوە، بۆ نموونە ئەوەی گەنجەکان ئێستا داوایدەکەن و من بۆیان دەدوورم، باوکم ناتوانێت بیکات، بەهۆی ئەوەی گۆرانکاری لە شێوازی دوورینەکانیاندا کراوە، بە تایبەت لە چاکەتەکاندا. زۆر جار خەڵک دێتە لامان لە خەیاڵی خۆیدا دیزاینێکی داناوە و داوایدەکات بەو شێوازە بۆی بدوورین. شێوازەکان زۆرن، هەیە لە چاکەتەکاندا قەیتان بەکاردێنێت، هەیە قۆپچە و تەرەقە بەکاردێنێت، داوای نیوملوانە یاخود ملوانەی تەواو دەکەن. هەندێک هەیە داوای نەخش دەکات، لە پێشەوە یاخود لە دواوە. بۆیە دەتوانم بڵێم شێوازەکان لەچاو جاراندا زۆر بووە و بەرگدوور دەبێت هەمیشە لەگەڵیاندا بڕوات”.