Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 108

August 20, 2020

“بەبەهاترین کاتەکانی ژیانم ئەو کاتانەیە کە لەگەڵ ئەم چاوگەشانەدا خەریکی فێرکردن و ئاشناکردنیانم بە کتێبی خوای گەورە. ڕۆژانە لەسەربانی ماڵەکەی خۆم لە خزمەتی ئەم فێرخوازانەدام. جگە لە مامۆستا، بوومەتە خوشکێکی گەورەش بۆیان. گوێ بۆ هەموو ئەو قسانەیان دەگرم کە کەس نییە گوێیان لێبگرێت. بەهۆی سەرقاڵیم بە ئیشی ناوماڵ و خوێندنی خۆمەوە، هەر ئەوەندە کاتم هەیە کە ڕۆژانە کاتژمێرێک لەگەڵیاندابم. خۆزگەم دەخواست کاتی زیاترم هەبووایە و تێشووی قیامەتم زیاتر بکردایە. ئەم کەرەنتینەیە دەرفەتێکی باشبوو بۆ ئەوان، زۆربەیان چەند سورەتێکی باشیان لەبەرکردووە.”

“مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی بچووک ماندووبونێکی زۆر و دڵێکی میهرەبانی دەوێت. بەڵام هەموو هیلاکی و ماندووبونم بیردەچێتەوە کاتێک کە قوتابییەکم دەبینم بەرهەمێکی باشی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی نیگەرانم دەکات ئەوەیە کە لە توانامدا نییە ئەوەی سەرکەوتوو و زیرەکە دیارییەکی شیاوی پێبدەم. بەداخەوە لە زۆر بەرنامەی بێسوود و چەندین پڕۆژەی بێسەروبەردا دەیبینین کە چەندەها کۆمپانیا سپۆنسەریان دەکات و چەندین شوێن و لایەن پشتگیرییان دەکات، بەڵام بۆ کارێکی ئاوها کە سوودی دنیا و قیامەتی تێدایە، نەک کەس یارمەتیدەرت نییە، بگرە چەندین تۆمەت و تانەو توانجیشمان لێدەدەن.”