Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.
Humans of Kurdistan - South 112

August 26, 2020

“كاتێك باڵندەكان گەورەدەبن دەتوانیت ڕاهێنانیان پێبكەیت کە دوور نەكەونەوە و لەنزیك خۆت بمێننەوە. بەڵام، من هەر لەوكاتەوەی كە توانای فڕینیان نیە ڕاهێنانیان پێدەكەم. ئەمەش بۆ ئەوەیە بزانن كە من ئازادییان دەدەمێ و شوێنەكانیان نیشان دەدەم. ڵەهەمان كاتیشدا فێریان دەكەم كە لەگەڵ خۆم بمێننەوە و دوورنەكەونەوە لێم. من باڵندەكان فێردەكەم كە لە دەرەوەی قەفەس بژین. خۆشەویستی من بۆ ئاژەڵان هەر لە منداڵییەوە دەستیپێكردووە، هەمیشە هەستێكی تایبەتیان پێداوم. ئەوكاتەی كە ماڵمان لە بەغداد بوو، باخەكەمان زۆر گەورە بوو. هەر ئاژەڵێكم ببینیایە لەوێ دەمبردە لای خۆم، ئیتر چ جای كیسەڵ، ژیشك، سەگ و پشیلە بووایە. پاش ئەوەی هاتینە سلێمانی، جێگەیەكم نەبوو ئاژەڵ ڕابگرم، ئەوەش بۆ من زۆر قورس بوو، زۆر بێتاقەتی دەکردم.”

“یەكێكیتر لەو حاڵەتە ناخۆشانە دەركردنی ئاژەڵانە لە ماڵەوە بەهۆی كۆرۆناوە. ڕۆژێك كەسێك حاڵەتێكی پێڕاگەیاندم كە ماڵێك دوو باڵندەیان فڕێداوە و دایكەکەشیان مردووە. ئەم كارانەش گەلێك ناشرینن، لەبەرئەوەی ئەو ئاژەڵانە ناتوانن تووشی ئەو نەخۆشیەت بكەن. هەرچەند پێشتر زیاتر پشیلە و سەگم ڕزگار دەکرد، ئەمساڵ زیاتر باڵندە ڕزگاردەكەم. جارێك كەشوهەوا ڕەشەبا بوو، پەنجەرەكەم باش دانەخستبوو، كرایەوە و یەكێك لە باڵندەكانم فڕی، هەرچەندە مەبەستی ئەوە نەبوو بڕوات چونكە ناتوانێت بەباشی بفڕێت، بەڵام ماڵێكی دراوسێمانی بینیبوو ڕۆیشتبووە ئەوێ، منیش پاش ٢٤ كاتژمێر بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخراوەكانی ئاژەڵان دۆزیمەوە. جارێک بۆ گەشتێکی ناوسروشت ئەسکەندەرم لەگەڵ خۆمبرد، بینیم سەرەڕای ئەوەی دەترسا، بەڵام زۆر پێیخۆشبوو کە لەناو سروشتدا بفڕێت. پاش ئەوە پەیوەندیم بە چەند شوێنێکەوە کرد، تا چیرۆکی ئەسکەندەر بڵاوبکەنەوە و نیشانیبدەن کە ماڵی باڵندەکان قەفەس نییە و دەتوانیت ئازادانە ڕایبهێنیت و لەگەڵیشت بمێنێتەوە.”