Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 28, 2020

“لە شاری دێریک دەژیم، خوێندکاری ئەدەبی کوردیم لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ. لە ساڵی ٢٠١٦وە دەستم بە کاری نواندن کردووە لە ڕێگەی وێنەگرتنی ڤیدیۆی کورتی کۆمیدییەوە. هەروەها نواندن بۆ فیلمی کوردی کورت دەکەم و هەندێکجار خۆم بەتەنها ڕۆڵی چەند کارەکتەرێک دەبینم. کارەکانم لە ئەکاونتی تایبەتی خۆم لە فەیسبووک و یوتیوب بڵاودەکەمەوە، لە مانگی ڕەمەزاندا بەتەنها ٢٠ زنجیرەم تۆمارکرد. بەڵام کامێرای وێنەگرتن و کۆمپیوتەرم لەبەردەستدا نییە بۆ مۆنتاژ، بۆیە سەرجەم کارەکان بە مۆبایلەکەم ئەنجام دەدەم، ئیتر لەوێدا قورساییەکان دێنە بەردەمم. بەهۆی ئەو بابەتانەی دایدەڕێژم، توانیومە خەڵکێکی زۆر دڵخۆشبکەم و ئەوەش زۆر خۆشحاڵم دەکات. هیوام وایە لە داهاتوودا کوردیش سینەمای تایبەت بەخۆی هەبێت و دەنگی سینەمای کوردی بگاتە هەموو دنیا.”