Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 31, 2020

“هەموو ئەو شتانەی لە ژیانمدا ڕوویانداوە ئەتوانم بڵێم زۆر زیاتر بوون بە بەراورد بەتەمەنەکەم، هەندێکجار واهەستەکەم زیاتر ژیاوم. لە منداڵیمەوە ئارەزووی هەرشتێکم کردبێت، یاخود خستبێتمە پلانمەوە ئەتوانم بڵێم بە دەستم هێناوە. سەرەڕای بوونی زۆر بەربەست لە ژیانمدا، کە زۆر کات وایان لێکردووم بوەستم و چاوەڕێ بکەم، بەڵام پەشیمان نەبوومەتەوە لە ئامانجەکەم. سەرەتا کاتێک تەمەنم دوانزە ساڵان بوو له‌ كازیوه‌ی سه‌ر به‌ منداڵپارێزی كوردستان ده‌ستمکرد بە ژەنین و ئامێری ڤایۆلینم هەڵبژارد. یەکەم ئامێریشم خوشکەکەم بەدیاری بۆی کڕیم. دوای چه‌ند ساڵێك له‌ هه‌مان جێگه‌ كه‌ فێری ئامێری ڤایۆلین بووم، بووم به‌ مامۆستا. ئەوەش یه‌كێك بوو له‌ ئامانجه‌كانی منداڵیم .. هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌نم زۆر جار دوور كه‌‌وتوومه‌ته‌وه‌ له‌ گرنگیدان به‌ خۆم و ئامانجه‌كه‌م، به‌ڵام ئێستا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێده‌كه‌مه‌وه‌ و فێربووم ڕێزی كاته‌كانم بگرم، چونكه‌ كه‌سمان نازانین چه‌نێك له‌ ژیان به‌رده‌وام ئه‌بین. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ ژیان فێربین ئەوەیە کە ماندووبووین پشوو بده‌ین، به‌ڵام نه‌وه‌ستین و بڕۆین به‌ره‌و ئامانجه‌كه‌مان.”