Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 1, 2020

“خولیای کۆکردنەوەی توحفەی هونەری و کەلوپەلی کۆن دەکەم، بەتایبەت ئەوانەی یادەوەری باووباپیرانمانن. باوکم زۆر شتی کۆنی بۆجێهێشتم، ئەویش لە باپیرییەوە بۆی جێمابوو. ئیتر بەو جۆرە هەندێک شتی هەیە تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ بەرلە ئێستا. پارێزگاریکردن لەو شتە کۆنانەم هۆکاری دڵخۆشی منن، جاران لە بازاڕ دەگەڕام کام شتەی کۆن و توحفەبوو دەمکڕی و لە ژوورەکەی خۆمدا کۆمدەکردنەوە. لە ماڵەوە ژوورێکی تایبەتم هەیە کە پڕە لە کەلوپەلی کۆن، لەو ژوورەدا بۆنی ڕابردوو دەکەیت. کوڕێکم هەیە لە شاری هەولێر دەژی، کاتێک گەڕایەوە قامیشلۆ لەگەڵ خۆیدا سەرینێکی منداڵانی زۆر کۆنی بۆ هێنابووم. زۆر دڵخۆشبووم پێی، چونکە دەیزانی چەنێک ئارەزووی شتی کۆن دەکەم. ئەم شتانە بۆ منداڵەکانم جێدەهێڵم، ئەوانیش بۆ منداڵەکانی خۆیانی جێدەهێڵن. ئەم میراتە دەبێت هەمیشە بەردەوام بێت و تا ئەبەد بمێنێتەوە.”