Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 1, 2020

“قەت شەرمم لە کەسابەت نەکردووە، بۆ بژێوی ژیانم ئامادەبووم لە بەیانی زووەوە تاکو بانگی عیشا لەسەرپێ بۆستم وخەریکی کاربم و خزمەتی خەڵکی دانیشتوو بکەم. پیاوی وا هەبووە بێقیمەتترین مرۆڤ بووە، بەڵام من ناچاربووم چاو و ئاوی بخەمە بەردەست و بڵێم فەرموو. بەرکەوتنم لەگەڵ خەڵکێکی زۆر هەبووە، چەندین مۆقیفی سەیر سەیرم دیوە و هەموویم بە ئاسانی قبوڵکردووە. هەمیشە وتوومە ئەم ژیانە چۆن خۆشی تێدایە، ئاواش پڕیەتی لە نەهامەتی. زۆرجار تووشی ئەوەبووم کەسێک چای خواردۆتەوە و پێی وتووم پارەم پێنیە، زۆرلام ئاسایی بووە و چایەکی تریشم بۆ بردووە. بەڵام ئەوەی من ئازار دەدات ئەوەیە کە کەسێک بە گێلم بزانێت و چایەک بخواتەوە و پارە نەدات و بڕوات. چەندین جار ئەو حاڵەتەم تووشبووە لەگەڵ کەسی دیار و دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر. سەیر نەبووە کە مامۆستایەکی زانکۆ بە شەهادەی دکتۆراوە بتوانێت ٢٥٠ی من بە حەرامی بخواتەوە و بڕوات. بە داخەوە خۆم ئەوانەم زۆر دیوە.”