Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 3, 2020

“هیچ خۆشییەکم لە ژیان نەبینی، ژیانمان زۆر ناخۆش و پڕ دەردە سەری بوو. بەڵام ئێستا لە خوا بەزیادبێت کوڕەکانم گەورە بوون و ژیانم بەهۆی ئەوانەوە زۆر لە جاران خۆشترە. مێردەکەم ڕۆژانە کە کاری ئەکرد ئەوپەڕی روبعێک یان نیو دیناری دەست ئەکەوت، بەشی هیچی نەئەکرد، نەمئەزانی چی بدەم بە منداڵەکانم، ناچار بە نانە ڕەقە بەخێوم کردوون. ساڵێکیان کە زستان هات زۆر سارد بوو، چووم سێ بەتانیم بە قەرز هێنا بەبێ پرسی مێردەکەم، یەک دیناریشمان نەبوو. شەو کە مێردەکەم بینی، وتی ئەمانە چیە؟ کە پێم وت بە قەرز هێناومە، وتی سبەینێ یان بۆی ئەبەیتەوە یان لەم ماڵەیا نابیت! بۆ ڕۆژی دواتر بەتانییەکانم بردەوە بۆ دوکانەکە، وتم ئەبێت لێم وەربگریتەوە پیاوەکەم لێم توڕە بووە. بەڵام خاوەن دوکانەکە ڕازی نەبوو و وتی لێت وەرناگرمەوە، هەرکات توانیتان پارەکەی بدەن، گەر نەشبوو گەردنتان ئازادبێت. پاش ماوەیەک هەرچۆنێک بێت توانیمان پارەی بەتانییەکان کۆبکەینەوە، کە بۆمبرد وتی پارەتان لێوەرناگرم، بەڵام من زۆرم لێکرد کە وەریبگرێت، وتی مادام ئەوەنە بە بەڵین بوویت دوو دینار کەمترت لێوەردەگرم.”