Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 6, 2020

“باوکم موزیسیانە و خوشکەکەشم دەرچووی کۆلێجی هونەرە جوانەکانی زانکۆی حەلەبە. منیش لە منداڵییەوە خەریکی وێنەکێشانم. سەرەتا بە قەڵەمی ڕەساس لەسەر پەڕاوی دەفتەری ئاسایی وێنەم دەکێشا. هەشت ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک لە ئامادەیی بووم یەکەم تابلۆی زەیتیم کێشا، مامۆستاکەم زۆر گرنگی بە تابلۆکە داو زۆر یارمەتیدەرم بوو لە بەرەوپێشچوونم. کاتێک خوێندنم لە شاری عەفرین تەواوکرد، ناوی خۆمم لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان تۆمارکرد، بەهۆی داگیرکردنی شاری عەفرینەوە نەمتوانی خوێندنەکەم تەواو بکەم و بە ناچاری دەبوو شارەکە بەجێبهێڵین و واز لە خوێندنەکەم بهێنم. سەرەڕای ئەوەش، لە هونەر و وێنەکێشان دوورنەکەوتمەوە. بەردەوام سەیری ڤیدیۆی فێرکاریم دەکرد لە یوتیوب. ئێستا کە هاتووینەتە شاری قامیشلۆ و ژیان ئارام بۆتەوە، ناوم لە کۆلێجی هونەرەجوانەکانی زانکۆی ڕۆژاڤا تۆمارکردووە. تاکو ئێستا بەشداری سێ پێشانگای وێنەکێشانم کردووە، پێشانگایەکیان لە شاری عەفرین، یەکێکیان لە زانکۆی ڕۆژئاڤای قامیشلۆ و پێشانگایەکی ئۆنلاینیش لە وڵاتی میسڕ. ساڵێک بەر لە ئێستا ڕۆژنامەنوسێک لە وڵاتی ئیسپانیاوە هاتە ئێرەو چیرۆکی کۆتا ساتەکانی ژیانمی لە عەفرین کردە فیلمێکی بەڵگەنامەیی کورت.”