Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 8, 2020

“لەساڵی 1980وە، له ناحیەی مەرگە لە گەڕەکی کانی چاوان دەستم کردوە بە کاری چاککردنەوەی ڕادیۆ، جیهازی بێ تەل، سەعات و و پانکە. دوای ئەوەی کە کارەکەم کز بوو، چووم بۆ پێشمەرگایەتی لە سێوران. تا ئەو کاتەی سەرکردایەتی گواسترایەوە بۆ سەرگەڵو، من نانم بۆ پێشمەگە دروستدەکرد. هەرچی پێشمەرگە بوو دەهاتن بۆ لای من کارم بۆدەکردن و پارەی چاکردنەوەی رادیۆم لێوەرنەدەگرتن، تەنانەت جیهازی هەشت پیلی بێ تەلیشم بۆ چاکدەکردنەوە. ئەوکات چەندین جۆری رادیۆ هەبوو، وەک ڕادیۆی پلێپبس، سانییۆن، سیلڤەر، هونکوک و کانییۆن هەبوون. شەش حەوت مەوجیان هەبوو، خەڵکی بە زۆری گوێی له گەلی کوردستان دەگرت. ڕادیۆی ئەوکات زۆر قورس بوو بۆ چاککردنەوە وەک ئەوانەی ئێستا نەبوو، ئێستا تەنها لە ڕێگەی ئەنتگرێتەکەوە سەرجەم شتەکانی چاک ئەکرێتەوە. ئێستاش دوکانم لە حاجیاوا هەیە، بەردەوام ڕۆژانە بە پاسکیلەکەم دێم بۆ دوکان و بژێوی خۆم پەیدادەکەم. سوپاس بۆخوا هیچ موچەیەکم نییە و پیشەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت.”