Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 8, 2020

“لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووم، وا شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕۆژەی بڕیارمدا ڕۆژئاوا بەجێبهێڵم و ڕووبکەمە شاری سلێمانی. دایک و خوشک و براکانمم لەوێ بەجێهێشت، هەموو ڕۆژێک لە بیری ئەواندام بەتایبەت دایکم، بەڵام ناتوانم بگەڕێمەوە. لە ترسی گیانی خۆم ڕامکرد بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە. ئەوکاتە لە پۆلی نۆیەم بووم، ئیتر خوێندنم بۆ تەواونەکرا و لێرە دەستمکرد بە ئیشکردن و مەسرەفی ماڵیشەوە ئەکەم و پارەی خەرجییان بۆ ڕەوانە ئەکەم. تەمەنم پێنج ساڵان بوو کاتێک باوکم وەفاتی کرد. برا گەورەکەشم چوو بۆ سەربازی و بەس خۆم و دایکم و سێ خوشک و دوو برای بچووکم ماینەوە. بۆ من زۆر قورس و ناخۆش بوو لەو تەمەنە منداڵییەدا ئاگام لە ماڵەوە بێت، هەرچۆنێک بێت زۆر لە ئێستە خۆشتر بوو، چونکە ئەمتوانی لە نزیکەوە ئاگام لێیانبێت ویارمەتییانبەم، بەڵام تازە گەیشتم بەم ڕۆژەی دوور لەوان ژیان بەڕێبکەم.”