Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 12, 2020

“ساڵی ١٩٩٦ کۆمەڵێک کاروان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ڕووداوێک بووبوون، یەکێکیان کەوتبووە ئاوەوە وخنکابوو و نەیانتوانیبوو تەرمەکەی بدۆزنەوە. ئەو ئاوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێت بەرەو باشوری کوردستان تەرمەکەی گەیاندبووە ناوچەی دوکان و کۆمەڵێک کەس دۆزیبوویانەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو سەردەمە مۆبایل و شت نەبوو، هەر لەوێ لە قەراغ ئاوەکە ناشتیان و بەردێکی گەورەیان خستە سەری تا شوێنەکەی دیار بێت و ون نەبێت. لە دوای هەشت ساڵ کاتێک هەواڵ گەشتبووە بنەماڵەکەی و زانیبوویان لێرەیە هاتبوون بۆ سۆراخی. ئەو ڕۆژە من و چەند هاوڕێیەکم خەریکی ڕاوە ماسی بووین، هاتنە لای ئێمە پرسیاریان کرد، من شوێنەکەم ئەزانی و بردمن بۆلای گۆڕەکە. هەر ئەو ڕۆژە یارمەتیمدان بیبەنەوە ناوچەی خۆیان. ڕەنگە گێڕانەوەی زۆر سادە بێت، بەڵام هەرگیز ئەو ڕۆژەم بیرناچێتەوە.”