Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 13, 2020

“بڕیارمدا بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و بەردەوامبم لە کاری هونەری، بەڵام ئەبوو دایک و باوکم بەجێبهێڵم و بچمە داخلی و ژیانێکی قورس بەڕێبکەم. پێنج ساڵ مامەوە لە داخلی، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە دڵم لای دایک و باوکم بوو، چونکە من مناڵی بچوکی ماڵەوە بووم، زۆر هۆگری دایکم بووم. کاتێک پەیمانگام تەواوکرد، نمرەیەکی باشم هێنا و ئەمتوانی بەردەوامی بە خوێندنەکەم بدەم لە زانکۆ. بەهۆی ئەوەی باری دارایم ئەوەنە باش نەبوو و دایکیشم ناساغ بوو. حەزمئەکرد کارێک بکەم و یارمەتی دایکم بەم، ساڵی یەکەمی زانکۆم بەڕێکرد و ناوم بۆ دامەزراندن هاتەوە. بۆیە وازم لە خوێندن هێنا و تەنها لەبەر خاتری دایکم خۆم دامەزراند، حەزمئەکرد تا زووە شتێک پارە کۆبکەمەوە و بیبەخشم بە دایکم. لەو کاتەدا ئەبوو سێ مانگ بەردەوام بیت، پاشان موچەیان سەرفەکرد بۆت. ئەوە بوو سێ مانگەکە تەواو نەبووبوو دایکم کۆچی دوایی کرد. ماوەیەکی زۆر لە خوێندن دواکەوتم، پاشان دوای سێ ساڵ گەڕامەوە و توانیم زانکۆ تەواو بکەم و هەر لەو ماوەیەشدا ژیانی هاوسەریم پێکهێنا.”