Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 14, 2020

“لە منداڵییەوە کاریگەر بووم بە بیڕوباوەڕی دکتۆرە نەوال سەعداوی، کە یەکێکە لە چالاکوانە زاناکانی میسڕ لە بواری ژنان و ئازادی ژنان لە کۆمەڵگەدا. هەربۆیە ئارەزووی خوێندنی بەشی زانستی ژنان (ژنۆلۆجی)م کرد لە زانکۆی ڕۆژئاوا و ئێستا لەوێ دەخوێنم، ئەم بەشە لای زۆرێک لە خەڵکی ناسراو نییە. بەڵام زۆر شانازی پێوە دەکەم. کۆلێجی زانستی ژنان بیرۆکەیەکی تازەیە و لە فیکری عەبدوڵا ئۆجەلانەوە وەرگیراوە. چەندین کادری زۆر باشمان هەیە کە زۆریان لە بواری ژناندا کاردەکەن لە ڕۆژئاوا. زۆر قورسە بەشێک بخوێنیت کە خەڵکی هیچی دەربارە نازانن، هەمیشە خەڵکی ئارەزوو دەکەن بەشی پزیشکی و ئەندازیاری یاخود بەشێکی دیار بخوێنن، بەڵام ئەم هەڵبژاردنەی من بە نیسبەت کۆمەڵگەوە شتێکی سەیر و تازەیە. تەنانەت خێزانەکەم و هاوڕێکانم ئەم بڕیارەی منیان بە دڵ نەبوو، بەڵام خۆم زۆر پێداگربووم لەسەر خوێندنی زانستی ژنان، بۆ ئەوەی ببمە چالاکوانێکی باش لە داهاتوودا.”