Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 16, 2020

“خوا منداڵی پێ نەداین، هەرچی خواش نەیدا هیچی لەگەڵ ناکرێت. چل وپێنج ساڵە ژنم هێناوە و بە درێژایی ئەم ساڵانە دوو بە دوو لەگەڵ خێزانم پێکەوە ژیاوین و لەسەر سفرەیەک بووین. نە دەنگی منداڵێکمان بیست، نە زانیمان تامی دایکایەتی و باوکایەتی چییە. پیربووم و حەفتاوحەوت ساڵ تەمەنمە، تازە کرێکاریم پێناکرێت، بۆیە وا بۆ سێ ساڵ دەچێت کوانووی هەنگ دەگەڕێنم و لایان دەمێنمەوە. لە مانگێکدا سێ ڕۆژ دەڕۆمەوە ماڵەوە و سەری مانگ موچەیەکی کەم لە خاوەنی هەنگەکان وەردەگرم. خێزانم چەند نەخۆشییەکی هەیە و لە ماڵەوە کەوتووە، جاروبار هەڵدەسوڕێ و تا ڕادەیەک کار و باری خۆی بە ڕێدەکات. سەرەڕای ئەمانە گوێ نادەمێ، گەر هەرئاوا بمێنین وخۆم بتوانم کارێک بکەم زۆر باشە. هەنگ زۆر پێوەیداوم، هەنگەوانی کارێکی ئاسان نییە و زۆر هەستیارە، منیش زۆری لێ نازانم و خاوەنی هەنگەکان زیاتر سەری لێدەردەچێت.”