Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 26, 2020

“لە منداڵییەوە ھەركاتێک لە تیڤی تەماشای كارتۆنم دەكرد، ئەو كارتۆنانەی کە ئەسپیان تێدابوو زیاترم چێژم لێدەبینین و ھەستێكی خۆشییان دەدامێ. ھەموو كات لە خەیاڵی خۆمدا ئەسپێكی سپیم ھەبوو و قسەم دەگەڵ دەكرد، دەستم بە پشتیدا دەهێنا، خۆراكم بۆ دادەنا و مووی سەریم دادەهێنا، سواری دەبووم و دەڕۆیشتم و دەگەڕام. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، چووین بۆ گوندەکەی ماڵی دایكم و لەوێ بۆ یەکەمجار لە نزیکەوە ئەسپم بینی. بێئەوەی لێی بترسم یاخود نامۆبم پێی، ڕاستەوخۆ چوومە لای و دەستم پێداھێنا و داوام لە بابم کرد کە سوارمبکات. ئەوەندە كامەرانبووم، وامدەزانی لە ئاسماندا ھەڵدەفڕم! لەدوای ئەوكاتە زیاتر خولیای ھەبوونی ئەسپ و ئەسپسواریم کەوتە سەر و ببو بە خەونی شەو و ڕۆژم. بەڵام بەداخەوە لە شارێكی وەك مەھاباددا ئەوکاتە ھیچ شوێنێكی لێنەبوو وەك فێركاری ئەسپسواری یا تەنانەت شوێنێك بۆ ڕاگرتنی ئەسپ. تەنانەت بابم و براكانیشم ھاوڕانەبوون لەگەڵمدا و نەیاندەھێشت بە دوای خەیاڵەكەمدا بڕۆم”

“تەنها كەسێك كە لە پشتم ڕاوەستا و یارمەتیدەرم بوو، دایكم بوو. بەڵام دیسان بەهۆی نەبوونی هیچ جێگەیەکی ئەسپسواری لە مەھاباد، بە ناچاری لە زانكۆ لە بواری ئابوریدا دەستم بە خوێندن کرد و دوای تەواوبوونی زانكۆش سەرقاڵی کاری ژمێریاری بووم تا پێنج ساڵ لەمەوبەر. پاشان لە مەھاباد جێگەی تایبەت بە فێربوونی سواربوونی ئەسپسواری داندرا و منیش ھەر لەوێ بە شێوەیەکی دروست و بە تەواوی فێری سوارچاکی بووم. دوای ئەو فێر بوونەش هەوڵم بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزدا لە وەرزشەکەدا و و توانیم ببمە یاریدەدەری ڕاھێنەر و ڕاهێنان بەو كەسانە بکەم كە وەك خۆم خولیای ئەسپسوارییان ھەبوو. ئێستاش خوێندکاری ڕاھێنانم لە بنكەی سواربوونی زانكۆی تاران و ماوەی سێ ساڵە جێگری سەرۆکی یەکێتی سوارچاکانم لە شاری مەھاباد”