Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 28, 2020

“هەموو کەسوکارم لە شاری ئەدەنەی باکور دادەنیشن، بەڵام خۆم منداڵبووم کاتێک هاتم بۆ ڕۆژئاوا و لەم گەڕەکە نیشتەجێبووم. هاوسەرگیریم کرد و پێکەوە چەند کچ و کوڕێکمان بوو. پێش پانزە ساڵ هاوسەرەکەم کۆچیدوایی کرد، ئەرکی گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکان چووە سەرشانی من. کاتێک منداڵەکانم گەورەبوون، زۆربەیان بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیانکرد وئێستا تەنها پێنجیان لێرە لەگەڵم ماونەتەوە. چەند جارێک ڕۆشتوومەتە سەردانیان بۆ ئەڵمانیا و بۆ قوبرس، سوپاس بۆ خوا ژیانیان زۆر باشترە. کچە گەورەکەم لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، زۆرم لێدەکات لەوێ لەلای بمێنمەوە و بژیم، بەڵام ناتوانم زیاتر لە چوار مانگ لە ماڵەکەی خۆم دوور بکەومەوە. ڕۆژانە لەبەر دەرگای ماڵەکەم دادەنیشم و هەرچی ڕێبوارێک تێدەپەڕێت سەلامم لێدەکات. ئێوارانیش لەگەڵ ژنانی گەڕەک لەبەردەم ماڵەکەی خۆمدا کۆدەبینەوە و قسەوباس دەکەین. زۆربەی کەس بە (موختاری گەڕەک) ناوم دەبەن، چونکە زۆرێک لەوانەی لێرەوە تێدەپەڕن دەیانناسم.”